Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆک بارزانی: ڕاگەیاندن ئاسانترین ڕێگەیە بۆئەوەی لەوێوە نەیارانمان بگەنە مەرامی خۆیان

هەولێر-KDP.info-  سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە کە، ئەرکی ناوەندەکانی ڕاگەیاندن لە هەرکاتێک هەستیارتر و گرینگترە. (سەرۆک بارزانی) باوەڕی وایە کە، ئێستا دوژمن و نەیارانی گەلی کوردستان هەوڵ دەدەن ئەوەی بە ئەنفال و کیمیاباران بۆیان نەچووەسەر لە ڕێگەی ڕشتنی ژەهری دووبەرەکی و شکاندنی بڕوابەخۆبوونی تاکی کورد ئەنجامی بدەن و، ڕایشیدەگەیەنێ کە، "ڕاگەیاندن ئاسانترین ڕێگەیە بۆئەوەی لەوێوە نەیارانمان بگەنە مەرامی خۆیان، بۆیە پێویستە لە جاران زیاتر برەو بە هەستی نیشتمانپەروەری و ئازادیخوازی و پاراستنی یەکڕیزی بدەن."


دەقی پەیامی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە گۆڤاری گوڵان دەکات
به‌ناوی خوای مه‌زن و دلۆڤان
به‌ڕێزان سه‌رنووسه‌ر و رۆژنامه‌نووس و كارمه‌ندانی گۆڤاری گوڵان
سڵاو و ڕێز..
بەبۆنەی بیستویەکەمین ساڵیادی دەرچوونی گۆڤاری گوڵان گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی ئێوەی خۆشەویست دەکەم.
لەم دۆخەی ئێستادا کە لە شەڕی بەرگرییکردن لە خاک و کەرامەتی گەلەکەمانداین، ئەرکی ناوەندەکانی ڕاگەیاندن لە هەرکاتێک هەستیارتر و گرینگترە. ئێستا دوژمن و نەیارانی گەلی کوردستان هەوڵ دەدەن ئەوەی بە ئەنفال و کیمیاباران بۆیان نەچووەسەر لە ڕێگەی ڕشتنی ژەهری دووبەرەکی و شکاندنی بڕوابەخۆبوونی تاکی کورد ئەنجامی بدەن و، ڕاگەیاندن ئاسانترین ڕێگەیە بۆئەوەی لەوێوە نەیارانمان بگەنە مەرامی خۆیان، بۆیە پێویستە لە جاران زیاتر برەو بە هەستی نیشتمانپەروەری و ئازادیخوازی و پاراستنی یەکڕیزی بدەن.
گوڵان، نەک هەر وەک بەئەزموونترین گۆڤاری سیاسی و دەوڵەمەند بە لێکۆڵینەوە و دیمانە و ڕاپۆرتی شیکاری، بەڵکوو وەک ناوەندێکی دیالۆگی ڕۆشنبیران و ئەکادیمی و سیاسەتوانان، لەگەڵ چاپکردنی کۆمەڵێک کتێبی بەسوود، ڕۆڵێکی گرینگی لە برەودان بە گیانی نیشتمانپەروەری و خۆشویستنی وڵات و یەکڕیزی و پێکەوەژیان و ژینگەپارێزیدا هەیە و بە دڵنیاییەوە ئەو پڕکاری و دڵسۆزییە، بەرهەمی ماندووبوونی ستافێکی لێهاتوویە و هیوادارم هەر بەوشێوەیە لە پێشکەوتن و خزمەتکردنی پرۆژەی نەتەوەیی بەردەوام بن.
دەستخۆشیتان لێ دەکەم و ئومێدی سەرکەوتنی زیاترتان بۆ دەخوازم.
مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
19/4/2015