Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەربازگەیەكی نهێنیی داعش ئاشكرا بوو

دیالە-KDP.info- لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە لە پارێزگای دیالە سەربازگەیەكی نهێنیی تیرۆریستانی داعش ئاشكرا بوو كە تایبەت بووە بە شانە نوستووەكانی داعش لە ناوچەكە بۆ ئەنجامدانی كردەی تیرۆریستی لە ناوچە ئارامەكان.

فەرماندەی پۆلیسی دیالە فەریق ڕوكن جەمیل شەمەری لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵەكانی ڕاگەیاندن ئاشكرای كرد: ئەمڕۆ لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە لە سنووری ناحیەی عەبارەی نزیك شاری باقووبەی ناوەندی دیالە لە نێو كیڵگە كشتوكاڵییەكانی ناوچەكە سەربازگەیەكی نهێنیی چەكدارانی داعش ئاشكرا كراوە.
جەمیل شەمەری گوتیشی: سەربازگەكە تایبەت بووە بە شانە نوستووەكانی چەكدارانی داعش بۆ ئەنجامدانی كردەوەی تیرۆریستی لە ناوچە ئارامەكانی سنوورەكە و لە ناو سەربازگەكەدا چەكی قورس و تەقەمەنی و خواردەمەنی دەستی بەسەردا گیراوە.
ئەوەشی خستەروو: "دۆزینەوە و ئاشكراكردنی ئەو سەربازگەیە لە هەڵمەتێكی گەڕان و پشكنینی هێزە ئەمنییەكان بووە لە نێو زەوییە گشتوكاڵییەكانی نێوان شارەدێی ئەبی‌سەیدا و عەبارە لە سنووری دیالە."
ئاشكراكردنی ئەم سەربازیگەیە لە كاتێكدا هەر ئەمڕۆ لە ناوچەكە، بە هۆی تەقینەوەیەكەوە دوو پۆلیس بریندار بوون و، تەرمێك دۆزرایەوە كە سەری بڕابوو، لاشەكەیشی شێوێندرابوو.
پێشتر لایەنی پەیوەندیدارەكانی شارەدێی عەبارە لە پارێزگای دیالە ئاشكرایان كرد كە بە پێی زانیاریی باوەڕپێكراو هەست بە جموجۆڵی چەكدارانی داعش كراوە لە ناوچەكەیاندا.
كاروان جاف