Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

قیڕتاوکردنەوەی شەقامەکانی هەولێر دەستی پێ کرد..هەزار تۆن قیڕی لێ دەدرێت

هەولێر-KDP.info-هەر شەش شارەوانییەکەی هەولێر دەستیان کردووە بە قیرتاوکردنەوە­ و چاککردنەوەی شەقامەکانی هەولێر و هەزار تۆن قیڕی لێ دەدرێت.

پارێزگاری هەولێر نەوزاد هادی بە یاوەریی بەڕێوەبەرانی بەشی تەكنیكی شارەوانی و كارگەی قیری شارەوانی و ڕێگەوبانی هەولێر و چاكردنەوە و پاراستنی ڕێگەوبانەكان و هەریەك لە بەرێوەبەرانی شارەوانی یەك و دوو و چوار و پێنج و شەشی هەولێر، بەرنامەی چاكردنەوەی كەموكورتی شەقامە سەرەكییەكانی هەولێری پایتەختی بەسەركردنەوە كە بە كۆی گشتیی نزیكەی هەزار تۆن قیڕ جێبەجێ‌ دەكرێت.
   پارێزگاری هەولێر جەختی كردەوە كە سەرەڕای نەبوونی بودجەی پێویست بۆ جێبەجێكردنی بەرنامەی قیرتاوكردنی ساڵانەی شەقامە سەرەكی و نێوخۆییەكانی سنووری سەرۆكایەتی شارەوانی هەولێر و، دروستبوونی چاڵ و كەموكورتی لە هەندێ‌ لەو شەقامانە و پێویستبوونی چاكردنەوەیان لەلایەن تیمەكانی بەشی تەكنیكی شارەوانی هەولێر، لە ڕێگەی كارگەی قیری شارەوانی، بە سوود وەرگرتن لە كەرەستەی پێشوویان و دابینكردنی پێداویستی تری بەرنامەكە لەلایەن پارێزگاوە، ئەمرۆ تیمەكانی سەرۆكایەتی شارەوانی هەولێر دەستیان بە جێبەجێكردنی بەرنامەكە كردوو 150  تۆن قیر ئامادە كراوە و ڕۆژانی تریش بەرنامەكە بەردەوامیی دەبێت تا نزیكەی هەزار تۆن قیرتاوكردن تەواو دەبێت.
     ئەوەشی ڕاگەیاند كە زۆر جار لە میدیاكان و ڕاستەوخۆ لەلایەن هاولاتییانەوە داواكاری بەرنامەیەكی چاكردنەوەی كەموكورتی شەقامەكان هەبووە و ئەمڕۆ  هەر شەش شارەوانی ناوشاری هەولێر ئەو شوێنانەیان دەستنیشان كردووە و ئامادەكاری پێویستیش لەلایەن كارگەی قیر و بەشی تەكنیكی سەرۆكایەتی شارەوانی كراوە بۆ جێبەجێكردنی ئەو بەرنامەیە و هیوادارین لەماوەی نزیكدا هەموو شەقامەكانی ناوشار بگرێتەوە.