Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئەنوەر حاجی عوسمان: لە ڕەوانەکردنی چەکوتەقەمەنی، بەغدا هەزارویەک کێشەمان بۆ دەنێتەوە

هەولێر-KDP.info-بریکاری وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد،ھەوڵدان بۆ پڕچەککردنی ھێزی پێشمەرگە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەردەوامە، بەڵام تا ئێستا نەبووەتە کردار. جەختیش دەکاتەوە، پێم باشە بەشداری لە شەڕی ئازادکردنی مووسڵدا بکەین، ئەگەر مەرجەکانی کورد جێبەجێ بکەن، هەڵبەت باسی مەرجەکانی نەکرد.


بریکاری وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان (ئەنوەر حاجی عوسمان)  بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھەوڵدان بۆ پرچەککردنی ھێزی پێشمەرگە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەردەوامە و، ھەوڵەکانی زیاتر لە ڕێگەی سەرکردایەتی سیاسی ھەرێمەوەیە؛ ئەمڕۆ بێت یاخود بەیانی پێویستە پێشمەرگە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ پڕچەک بکرێت. گوتیشی، جیاوازی پڕچکەکردنی ھێزی پێشمەرگە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ چەکی بدرێتێ یان لە ڕێی بەغداوە، ئەرز و ئاسمانە، بەڵام ئەوەیش جارێ هەر قسەیە.


بریکاری وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕوونیشی کردەوە، بەغدا ھەزارویەک کێشەی بۆ ئێمە دروست کردووە لە ناردنی ئەو چەکەی وڵاتان بۆ ھەرێمی کوردستانی دەنێرن.


(ئەنوەر حاجی عوسمان) ڕاشیگەیاند: ئەو ھاوکاریانە لە ڕووی چەک‌وتەقەمەنییەوە بۆ عێراق دەکرێت لەلایەن وڵاتانەوە تاوەکو ئێستا بەغدا بەشی ھەرێمی کوردستانی نەداوە، سەرەڕای ئەوەی لە شەڕی داعش پشکی شێر بەر ھەرێمی کوردستان کەوتووە.


سەبارەت بەبەشداریکردنی ھێزی پێشمەرگە لە پرۆسەی ڕزگارکردنی مووسڵ، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، تاوەکو ئێستا تەنها باسی لێوە دەکرێت و، ھیچ بڕیاری لێ نەدراوە.


ئەوەشی خستە ڕوو، بە ڕای من ئەگەر بە مەرجەکانی کورد ڕازی بن پێم خراپ نیە بەشدار بین، بەڵام ڕەنگە کۆمەڵێک مەرج و پێداویستی ھەبێت دەبێ بۆ کوردی جێبەجێ بکەن، هەڵبەت جارێ باسی ناکەین.


بڵند ئیبراھیم