Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئەمەریكا ڕاستەوخۆ چەك بۆ كوردستان دەنێرێت

 ئەمەریكا-KDP.info- بە گوێرەی ڕاپۆرتێكی (واشنتۆن‌ئێكزامینەر)، ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو لیژنەی كاروباری دەرەوەی كۆنگرێس یاسایەكی نوێیان پێشكەش كرد كە ڕێگا بە ئیدارەكەی (ئۆباما) دەدات ڕاستەوخۆ چەك و پێداویستیی سەربازی بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت.


سیناتۆرەكانی هەردوو حیزبی كۆمارییەكان و دیموكراتەكان لە دانانی ئەو یاسایەدا بەشدار بوون، هەردوو سیناتۆر (ئێد ڕۆیسی) و (ئیلیەت ئێنجڵ) یاساكەیان پێشكەش كردووە و، بە گوێرەی یاساكەیش لە ڕۆژی جێبەجێكردنییەوە ماوەی سێ ساڵ دەخایەنێت و دواتر پێویستی بە درێژكردنەوە یان كۆتاییپێهێنان هەیە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتەكە، نەبەردی و سەركەوتنە بەردەوامەكانی پێشمەرگەی كوردستان لە دژی داعش و داواكاریی بەردەوامی سەركردە كوردەكان، بووەتە هۆی ئەوەی داوا لە كۆنگرێس بكرێت بە یاسا و دەستوور ڕێگە بدرێت ڕاستەوخۆ چەك و پیداویستیی سەربازی بۆ هەرێمی كوردستان بنێردرێت.
(ئێد ڕۆیسی) لەكاتی پێشكەشكردنی یاساكەدا گوتی: "هاوبەشە گرینگەكەمان لە شەڕی داعشدا پێویستیەكی گەورەی بە چەكی قورس و ئۆتۆمبێلی زرێپۆش هەیە."

هەروەها (ئێلیەت ئێنجڵ)ـیش ئاماژەی دا: "هێزی پێشمەرگە بە جۆرێك شەڕی زەمینی لە دژی داعش دەكات، سەرسەخت و بەتوانان، بەڵام ئەوان پێویستیان بە ئامێری دروستە بۆ ئەوەی كارەكەیان جێبەجێ بكەن. لەسەر ئێمەیش پیویستە هەموو دەسەڵاتی خۆمان بەكار بهێنین بۆ ئەوەی چەك و پێداویستیی سەربازی بۆ پێشمەرگە دابین بكەین."

شیاوی گوتنە، ئەوە یاسایەكی گرینگ دەبێت بۆ پاڵپشتیكردنی پێشمەرگە، بە گوێرەی ڕاپۆرتەكەیش نیگەرانییەكان لە بەغدا بۆ ناردنی چەكی پێویست بۆ كوردستان هۆكارێكی دیكە بووە كە یاسادانەرانی ئەمەریكای جوڵاندووە بۆ بیركردنەوە لە وەها یاسایەك، هەروەها زۆرێك لە شارەزا و یاسادانەرانیش پێیان وایە ئەوە پاڵپشتییەكیش دەبێت بۆ سەربەخۆیی كوردستان.
و/ خالید ئەحمەد