Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

نێچیرڤان بارزانی: لەو باوەڕەدا نیم ئەمەریکا لە نێوان هەولێر و بەغدا لایەک هەڵبژێرێت

هەولێر-KDP.info-  (نێچیرڤان بارزانی) دەڵێت: "١٢ ساڵە ئێمە ئامانجمان بەرەوپێشبردنی زیاتری کوردستانە، ئێمە هەموو ئەو بیرانەمان رەت کردەوە کە رامان بکێشێتە نێو ململانێکانه‌وه‌، شەڕیش لە عێراق حکوومەتی عێراق لێی بەرپرسیارە، ئێمە گرنگی بە ئاسایشی ناوخۆی خۆمان دەدەین، ئێمە لە رووی خۆڕێبەرییەوە کامڵین و توانای جێبەجێکردن و فەرمان و بڕیارمان هەیە." لەبارەی رۆڵی ئەمەریکاش لە نێوانی هەرێمی کوردستان و بەغدا، سەرۆکوەزیران دەڵێت "قەت لەو باوەڕەدا نیم ئەمەریکا لە نێوان هەولێر و بەغدا لایەک هەڵبژێرێت."

(نێچیرڤان بارزانی) سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەر باسی چەند پرسێک دەکات و رایدەگەیەنێت "پێشمەرگە ناوچەیەکی زۆری لە چنگی داعش دەرهێناوە، بەڵام تا موسڵ به‌ دەست داعشه‌وه‌ بێت، مەترسیی ئەو رێکخراوە هەر دەمێنێت."

باس لەوەیش دەکات "دەوڵەتی عێراق و حکوومەتی عێراق ئەرکی رێکخستنی ئەو میلیشیا شیعانەیان لە ئەستۆیە، ئەوان چەندین گرووپن و دەبێت لە زۆر رووەوە رێک بخرێن."
لەبارەی رۆڵی ئێرانیشه‌وه‌ دەڵێت: "زیادەڕۆیی لە رۆڵی ئێران دەکرێت لە عێراق، گوتیشی "ئەمەریکا رۆڵی گرنگی هەبووە لە شکاندنی داعش لە ناوچەکە و کورد سوپاسیان دەکات."
لەبارەی ڕۆڵی تورکیایش، سەرۆکی حکوومەت دەڵێت: "تورکیا ڕۆڵی هەیە لە شەڕی داعشدا و فڕۆکە تورکیەکان داعش بۆردومان دەکەن."


شەڕی داعش و سەرکەوتنەکانی پێشمەگە

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی دیدارەکەی لەگەڵ رۆژنامەنووس (ئەمبێرین زەماندا) باسی شەڕی داعش و هێزەکانی پێشمەرگە دەکات و دەڵێت: "سەرەتا شەڕی داعش بۆ ئێمە شۆک بوو، بەڵام دوای تێپەڕبوونی ماوەیەک پێشمەرگە توانیی پاشەکشەی باش بە داعش بکات و لە خاکی کوردستان دەریان بکات، پێشمەرگە لە کەرکووک و زوممار و رەبیعە و بەنداوی موسڵ، هەروەها لە مەخموور و گوێڕیش پێشڕەویی زۆری کردووە و ناوچەی زۆری لە دەستی داعش دەرهێناوە، ئێمە هەست دەکەین داعش ئەو توانایەی جارانی نەماوە و، پێشمەرگە تووشی شکستی زۆری کردووە، بەڵام تا موسڵ ئازاد نەکرێت و لە دەستی داعشدا بێت مەترسیی ئەو رێکخراوە هەر دەمێنێت ."

لەبارەی بوونی میلیشیا شیعەکان و شەڕیان لەگەڵ داعشدا، (نێچیرڤان بارزانی) بە ئەلمۆنیتەری راگەیاندووە "دەبێت دۆخەکە خوێندنەوەی بۆ بکرێت، کاتێک داعش پەلاماری عێراقی دا، ئێران یەکەم وڵات بوو هات بەرگری لە عێراق بکات، هەروەها هاوکاریی کوردستانیشی کرد، هەستی کرد داعش دوژمنێکی هاوبەشە، ئەوکاتیش سوپای عێراق توانای راگرتنی داعشی نەبوو، بۆیە ئایەتوڵا (عەلی سیستانی) فەتوای جیهادی بۆ شەڕی داعش دا و، حەشدی‌شەعبی دروست بوو، نابێت ئینکاری لە رۆڵی ئەو هێزانەیش لە شەڕی داعش بکرێت، چونکە ئەوان لە زۆر شوێندا داعشیان شکاندووە ."

لەبارەی ئەو شوێنانەش کە حەشدی‌شەعبی شەڕی داعشی لێ‌کردووە، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "لەنێو کوردستاندا نا، بەڵام بە درێژایی سنووری کوردستان لە سەعدیە و جەلەولا و ئامرلی، هەروەها دەبێت ئەو هێزانە رێک بخرێن و کۆنترۆڵ بکرێن."

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت "دەوڵەتی عێراق و حکوومەتی عێراق ئەرکی رێکخستنی ئەو میلیشیا شیعانەیان لە ئەستۆیە، ئەوان چەندین گرووپن و دەبێت لە زۆر رووەوە رێک بخرێن."

(نێچیرڤان بارزانی) هەروەها دەڵێت: "ئێمە نیگەرانین ئەگەر میلیشیا شیعەکان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بە یەکجاری جێگیر بکرێن، بەڵام ئێمە بەو ناوچانە ناڵێین ناوچەی ناکۆکی لەسەر، بەڵکو ئەو ناوچانە بەشێکن لە خاکی کوردستان و ئەگەریش ئەو گرووپانە لە خەڵكی ناوچەکە پێک بێن ئێمە کێشەمان نییە، چونکە لە بیر نەکەین کە خەڵکێکی زۆری شیعەمەزهەب لە سنووری جەلەولا و سەعدیە دەژین، کێشە گەورەکە ئەوەیە کە ئەگەر میلیشیا شیعەکان رێک نەخرێن، رەنگە کێشەی قووڵتر لەنێوان ئەوان و سوننە روو بدات."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانی بۆ ماڵپەڕەکە، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان باسی بڕینی بوودجەی کوردستان دەکات و دەڵێت سەرەڕای بڕینی بوودجە ئێمە خزمەتگوزاریمان گەیاندووەتە ئەو ناوچانەی سنووری هەرێمی کوردستان که‌ لە ژێر کۆنتڕۆلی پێشمەرگەدان."

(بارزانی) دەشڵێت "بۆ نموونە ئێمە کارەبامان بۆ دابین کردوون، بەڵام مووچە بەغدا پێیان دەدات، وەک چۆن خەڵکی سڤیلی موسڵیش مووچە لە حکوومەتی ناوەندی وەردەگرن."


رۆڵی ئێران و سەربەخۆیی کوردستان

لەبارەی رۆڵی ئێران لە عێراق سەرۆکی حکوومەت دەڵێت "ئێران رۆڵی هەبووە لە عێراق و ئەو رۆڵەش شتێکی نوێ نییە، بەڵام ئێران یەکەم جارە دێتە خاکی عێراق، هەندێک زێدەڕۆیی لەباسکردنی رۆڵی ئێران لە عێراق دەکرێت، من دەڵێم بوونی ئێران لە عێراق نە سوودمەند و نە بنیاتنەرە بۆ ئێران و عێراقیش."
دەشڵێت "زێدەڕۆیی لە رۆڵی ئێران دەکرێت، بۆ نموونە هەندێک بەرپرسی ئێرانی دەڵێن، ئێمە نەباین، هەولێر دەکەوت، ئەو لێدوانە سوودبەخش نییە، راستیش نییە، یانیش کە دەڵێن بەغدا پایتەختی ئێرانە، دەبێ ئەوە بڵێین راستیەکەی دەور و رۆڵی سەرەکی لە کشاندنەوەی داعش لەلایەن ئەمەریکاوە بووە، ئەگەر ئەمەریکا نەبوایە زۆر زەحمەت بوو سەرکەوین، ئێمە وەک کورد سوپاسی هەموو ئەو کارانە دەکەین کە ئەمەریکا کردوویەتی لە شەڕی داعشدا."

سەرۆکی حکوومەت لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەدا سەبارەت بەوەی کە راستە ئێران دژی سەربەخۆیی کوردستانە؟ دەڵێت: "راستە ئێران دژی سەربەخۆیی کوردستانە، سەربەخۆیی کوردستان خەونی هەموو کوردێکە، هەموو دەیانەوێت، بەڵام جارێ سەربەخۆیی لە ئەجێنداماندا نییە."

(نێچیرڤان بارزانی) دەڵێت: "١٢ ساڵە ئێمە ئامانجمان بەرەوپێشبردنی زیاتری کوردستانە، ئێمە هەموو ئەو بیرانەمان رەت کردەوە کە رامان بکێشێتە نێو ململانێکانه‌وه‌، شەڕیش لە عێراق حکوومەتی عێراق لێی بەرپرسیارە، ئێمە گرنگی بە ئاسایشی ناوخۆی خۆمان دەدەین، ئێمە لە رووی خۆڕێبەرییەوە کامڵین و توانای جێبەجێکردن و فەرمان و بڕیارمان هەیە."

لەبارەی رۆڵی ئەمەریکاش لە نێوانی هەرێمی کوردستان و بەغدا، سەرۆکوەزیران دەڵێت " قەت لەو باوەڕەدا نیم ئەمەریکا لە نێوان هەولێر و بەغدا لایەک هەڵبژێرێت."

(نێچیرڤان بارزانی) دەڵێت "ئەگەر سەربەخۆیی وەک ئەوەی باکووری قوبرس بێت، نامانەوێت، ئێمە سەربەخۆیییەکی گونجاومان دەوێت، رەوشی جیۆپۆلیتیکی کوردستان زۆر هەستیارە، تورکیا و ئێران لەسەر سنوورمانن."

لەبارەی پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان بەغدایش، سەرۆکی حکوومەت باس لەوە دەکات کە پەیوەندییەکان باش نین، ئێمە رێککەوتنمان هەیە کە دوو رێگا لەخۆ دەگرێت، رێگای سیاسی و ئابووری، گەورەترین کێشە لەرووی ئابوورییەوەیە، بەغدا بەشێوەیەک مامەڵەمان لەگەڵ دەکات، کە هیچی لێ شین نابێت."

 

تورکیا نەبووایە نەماندەتوانی مووچەی خەڵکی خۆمان بدەین

(نێچیرڤان بارزانی) باسی رۆڵی تورکیایش دەکات و دەڵێت: "بەغدا تەنیا ٢٥٠ ملیۆن دۆلاری لە ساڵی ٢٠١٥ بۆ ناردووین، ئەگەر تورکیا نەبووایە نەماندەتوانی مووچەی خەڵکی خۆمان بدەین، ئێمە نەوت دەنێرینە بەندەری جیهان، هیواشمان بە پەیوەندییەکانمانە لەگەڵ تورکیا، فڕۆکە تورکییەکان داعش بۆردوومان دەکەن و تورکیا رۆڵی هەیە لە شەڕی داعشدا، تورکیا هێزێکی لە بامەڕنێ هەیە و بەشداریش دەبێت."

(نێچیرڤان بارزانی) ئاشکراشی دەکات، کە لە سەرەتادا هێرشی داعش بۆ سەر سنوورەکانی هەرێمی کوردستان پەیوەندیی بە سەرۆکوەزیرانی ئەو کات و سەرۆکی ئێستا تورکیا (رەجەب تەییب ئەردۆغان) و (ئەحمەد داوودئۆغڵۆ)وه‌ کردووە و ئەوان گوتوویانە بەشدار دەبن و تەقەمەنیشیان بە پێشمەرگە داوە ."

لەبارەی کۆبانێ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "بۆ تورکیا پرسێکی گەورە بوو، کە رێگە بدات پێشمەرگە بە خاکەکەی بچێتە کۆبانێ و ئەنجام کۆبانێش رزگار کرا، پێشـمەرگەی کوردستان بە جلی خۆیان و ئاڵای کوردستانه‌وه‌ سنووری تورکیایان بەرەو کۆبانێ بڕی، تورکیا هاوکاریی رزگارکردنی کۆبانێی کرد، وەک ئەمەریکا و شەڕڤانان و پێشمەرگەیش هەمان کاریان کرد."

پێشمەرگە و شەڕی مووسڵ
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان باس لەوە دەکات کە پێشمەرگە بە تەنیا شەڕی داعش لە مووسڵ ناکات، چونکە ئەگەر ئەوە بکەین کێشەیەکی گەورە دروست دەبێت و رەنگە شەڕی کورد و عەرەبی لێ‌بکەوێتەوە.

دەشڵێت "دەبێت زۆر بە هەستیارییەوە مامەڵە لەگەڵ بەشداریی شیعەکان لە شەڕی مووسڵ بکرێت، چونکە گەورەبوونی کێشەکانی نێوان سوننە و شیعە دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات."