Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆک بارزانی بۆ سەرۆکهۆزەکانی عارەبان: هەمان مامەڵەی داعشان لەگەڵ هاوکارانیاندا دەکرێ.. خزمەتگوزاری دەگەیێنینە ناوچە ئازادکراوەکان

سحێلا-KDP.info-  (سەرۆک بارزانی) لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ سەرۆکهۆز و کەسایەتییەکانی ناوچەکانی ڕۆژاوای دیجلەدا، جەختی لە پێوەندیی مێژوویی نێوان کورد و عەرەب کردەوە و ڕایگەیاند، ڕەوا نییە ڕێ بدرێ بە ستەمکاران و ناحەزان، شەڕ و ناکۆکی داعش بکەنە ناکۆکی نێوان ئەو دوو گەلەی کە دەمێکە پێکەوە دەژین.

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا کە کەمێک لەمەوبەری ئەمڕۆ یەکشەممە ساز درا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان زیاتر ڕوونی کردەوە، بە هەموو ئەو ڕێوشوێنە ناحەزانەییەی ڕژێمی پێشوو، نەتوانرا پەی بە برایەتیی نێوان کورد و عەرەب ببەن، هەڵبەت کوردیش نەیویستووە ڕۆحی تۆڵە پێڕۆ بکات و نەیشیویستووە. ئاخر ڕەوا نییە ڕێ بدرێ بە ستەمکاران و ناحەزان، شەڕ و ناکۆکی داعش بکەنە شەڕ و ناکۆکیی کورد و عارەبان.
(سەرۆک بارزانی) هەروەها ڕایگەیاند، ستەمێکی زۆر لە کورد کراوە و بە درێژایی مێژوو ئەم ستەمە بەردەوام بووە، بەڵام کورد هەرگیز دەستبەرداری مافەکانی، هەروەها برایەتیی کورد عارەبیش نەبووە.
(سەرۆک بارزانی) بیری سەرۆکهۆز و پیاوماقوڵانی عارەبی ناوچەکانی شنگال، ڕەبیعە، بەنداوی مووسڵ و زومماری بۆ دەمی ڕاپەڕینە مەزنەکەی ١٩٩١ بردەوە و ڕایگەیاند، ئەوکات زۆر دەترسام کە دوای ئەوەی کورد بەرەوڕووی کیمیاباران و ئەنفال بووەوە، پاش ئازادی پەنا بۆ تۆڵە ببات، بەڵام گەلی کورد سەربڵندانە بنەمای تۆڵەسەندنەوەی وەلا نا و بنەماکانی پێکەوەیی لەبەرچاو گرت.
سەرۆک ڕووی قسەی هەر لەو سەرۆکهۆزە عارەبانە بوو و گوتی، ئێوە کە ناوچەکانیتان لە لایەن داعشەوە کاول بوون، شاهیدی دواکەوتوویی داعشی تیرۆریستن و ماوەیەکیش لە ناوچەکانتان ئەو ڕیکخراوە دەستەڵاتدار بووە، بینیتان چۆن مامەڵەی لەگەڵدا دەکردن. هەڵبەت ئەگەر بە دیتی لۆژیکانە بڕوانینە داعش، دەزانن کە ئەو ناوچانانە کوێن کە داعش هێرشی بۆ کردن. ئاخر چی پێشکەشی سوننە کرد جگە لە کاولکاریی ناوچەکانیان. ئاخر ناشێ لەم سەدەی ٢١ ـەکەدا ئێوە بە فەرمانڕانیی داعش قایل بن.

سەرۆک بارزانی هاوکات ڕایگەیاند، سپاس بۆ خوا ئێستا زۆربەی ناوچەکان لە چنگی داعش ڕزگار کراون، ئێستایش پێویستمان بە هەمووان هەیە بۆ دروستکردنی پێوەندییەکی نوێ. نایشهێڵین کەس دەست بۆ ئێوە ببات. هەموو لایەکیش مافی خۆیانە بە ئازادی بژین و کەرامەتیان پارێزراو بێ، ەبڵام دیشبێ هەریەک لای خۆیەوە ڕۆڵ ببینی بۆ پاراستنی سەقامگیری و ئاساییشی ناوچەکەی و ئەرکی هەمووانیشە نە تەنیا دەستگای ئەمنی. بۆ ناوچەکانیشتان هەر خزمەتگوزارییەک پێشـکەش دەکەین و داوا لە حکوومەتی هەرێم دەکەم دەستبەجێ خزمەتگوزاری دابین بکات و داوایش لە حکوومەتی فیدراڵ دەکەم هاوکار بێ.
جاریکی دی جەختیی کردەوە، نابێ بە هیچ شێوەیەک هەوڵی تۆڵەکردنەوە بدرێ؛ دووپاتیشی کردەوە، دیارە کە هەندێک هەن کە تاوانی خراپیان ئەنجام داوە و دەبێ باجەکەیشی بدەن، هەڵبەت بێتاوانانیش نابێ تێوە بگلێن. ئەوانەی نەچوونە پاڵ داعشەوە دەبێ کەرامەتیان پارێزراو بێ، بەڵام ئەوانی دی هەمان چارەنووسی داعشیان دەبێ.
(سەرۆک بارزانی) گوتیشی، دەبێ هەموومان کار بۆ گەرەنتیکردنی پاشەڕۆژی باشتر بۆ منداڵانمان بین.
بە سەرۆکهۆز و پیاوماقوڵانیشی راگەیاند، ئەوەی کە فەرمانڕانیی داعشی پێ دروستە، ئەوا ڕێگەی دەدەین بچێتە نێو داعشەوە، بەڵام ئەوەی کە ڕۆڵی خراپ ببینێ و سیخوڕی بکات، لێرە جێگایان نابێتەوە. دووپاتیشی دەکەمەوە کە، هەر کەسێک هاوکاریی ئەو تیرۆریستانەی کردووە، بەو شێوەیە مامەڵەی لەگەڵدا دەکەین کە لەگەڵ داعشدا دەکرێ.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێ، پێتان ڕادەگەیەنم کە داعش هیچ پاشەڕۆژێکی لێرە نییە. ڕاستە کە تەنیا لە ڕووی سەربازییەوە ناشێ بڵێین ئەمە کۆتایی داعشە، ڕەنگە سبەی لە داعش خراپتر سەرهەڵبداتەوە، بەڵام دەبێ ئامادەی هەر ئەگەرێک بین.
هێمایشی دا، هەر کەسێک لە هەرێمی کوردستاندا بژی، ئازادە لە پێڕۆکردنی ئایین و تایبەتمەندییەکانی، بەڵام سەیرە کە خەڵکێک لەگەڵ داعشدا ماونەتەوە کە، ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستە مەزاری پێغەمبەرانیان تەقاندنەوە و شارستانەتییان کاول کردن، هیچ شتێکی پێوەند بە شارستانەتی و مرۆڤایەتی لەو ڕێکخراوە تیرۆریستەدا نابینین. هەربۆیە ڕێ نادەین بە هیچ شێوەیەک داعش بگەڕێنە ئەو ناوچانە.
(بارزانی) جەختیشێ کردەوە، ئەو ناوچانەی کە ئازادمان کردوون بەشێکن لە هەرێمی کوردستان و بۆ ناوچەکانی دیکەیش ئامادەی هاوکارین.