Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ھۆکاری نەگەیشتنی ٥٠٠ملیۆن دۆلارەکە بەدیار کەوت

هەولێر-KDP.info- (مەدینە شەرنەخی) ئەندامی لیژنەی دارایی ھۆکاری دواکەوتنی گەیشتنی ٥٠٠ملیۆن دۆلار لە تورکیا بۆ ھەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکات و دەڵێ، ئەگەر ئەو پارە بە دۆلار بگاتە ھەرێمی کوردستان ھاوڵاتی زەرەر دەکات و بە دینار حکوومەت، جارێ حکوومەت سەرقاڵی دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەکە بۆ ئەوەی ھیچ کامێکیان زەرەر نەکا.

(مەدینە شەرنەخی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بڕیار بوو پێنجشەممە ٥٠٠ملیۆن دۆلار قەرزەکەی تورکیا بگاتە هەرێم، بەڵام هێشتا نەگەیشتووە بە ھەرێمی کوردستان؛ ئاخر نرخی دۆلار زۆر گران بووە بەرانبەر بە دینار و، ئەگەر مووچە بە دۆلار دابەش بکرێت ھاوڵاتی زیان دەکات و، ئەگەریش بکرێتە دینار حکوومەت زیان دەکات، جا لەبەر ئەوە وا حکوومەت بە دوای ڕێگەچارەیەکدا دەگەڕێت و، سەرقاڵی تاوتوێکردنی ئەو بابەتەیە تا نە حکوومەت نە هاووڵاتیانیش زەرەر بکەن."
(مەدینە شەرنەخی) گوتیشی، پێویستە بانکێک ھەبێت ئەو دۆلارە بە جۆرێک لەھاوڵاتی وەربگرێت کە کار نەکاتە سەر ھیچ و، زیانی پێ نەگات، چونکە ئەگەر ئەو دۆلارە بگاتە بازار ھەموو شتێک گران دەبێت و، ھاووڵاتی زۆر زەرەر دەکات.
(شەرنەخی) ڕوونیشی کردەوە، خۆی پارەکە لە تورکیا ئامادەیە و، ھیچ کێشەیەک لە ناردنەکەیدا نییە، تەنها ئەوە ماوە حکوومەت چۆن مامەڵەی لەگەڵدا بکات؛ ئەگەر ڕەوانەی بەغداشی بکات زۆر دوا دەکەوێت، بۆیە باشترین چارەسەر ئەوەیە مووچەکە نیوە بە دینار بێت و، نیوەکەی دیکەشی بە دۆلار بێت، بۆ ئەوەی نە حکوومەت زەرەر بکات، نە ھاووڵاتی."
بڵند ئیبراھیم