Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

تا ئێستا 600 كوردی ئێزدی ئازاد بوون.. 3 هەزاری دیكەیش لە ژێردەستی داعشدا ماون

شنگال-KDP.info-  گوتەبێژی ئێزدییەكان لە شنگال رایگەیاند، بە هەوڵ و ماندووبوونی سەرۆكی هەرێم و هێزەكانی پێشمەرگە لە سێ رۆژی رابردوودا 62 هاووڵاتی كوردی ئێزدی لە تەلەعفەر لە دەستی تیرۆریستانی داعش رزگاریان بووە و گەییشتوونەتەوە ناو خزم و كەسانی خۆیان، لە چەند رۆژی داهاتوویشدا ژمارەیەكی دیكە ئازاد دەكرێن.

گوتەبێژی ئێزدییەكان لە شنگال (مەحما خەلیل) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی، "هەوڵەكانی (سەرۆك بارزانی) و هێزەكانی پێشمەرگە بۆ ئازادكردنی كوردانی ئێزدی بەردەوامن و لە 3 ڕۆژی رابردوودا زیاتر لە 60 كوردی ئێزدی لە تەلەعفەر لە دەستی تیرۆریستانی داعش رزگار بوون و گەییشتوونەتەوە ناو خزم و كەسانی خۆیان.

(خەلیل) گوتیشی، پێش سێ ڕۆژ 44 كوردی ئێزدی ئازاد كران، دوێنێیش 18 كەسی دیكە كە لەو دوو رۆژەدا 62 كەس ڕزگار كراون و لەناو كەسە ئازادبووەكانیشدا منداڵ، ئافرەت و پیاوی بەساڵداچوو هەن.

گوتەبێژی ئێزدییەكان لە شنگال ئاماژەیشی دا، "تا ئێستا 600 كوردی ئێزدی ئازاد بوون و زیاتر لە 3 هەزار كەسیش لە ژێردەستی داعشدا ماون، بۆ ئەوانەی تا ئێستا ئازاد نەبوونە هەوڵەكان بەردەوامن، شەوی رابردوویش لە تەلەعفەر پەیوەندیمان پێوە كرا كە زیاتر لە 2600 كوردی ئێزدی لێرەن و لە ژێردەستی تیرۆریستانی داعش دان، ئێمەیش بە هەوڵ و ماندووبوونی سەرۆكی هەرێم، هەموو كۆششێك بۆ ئازادكردنی ئەوانەی ماون دەكەین، لەو باوەڕەیشدام بەم زووانە ژمارەیەكی دیكەیش ئازاد دەكرێن".

رابین شێروانی