Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

داعش، خەڵکی ناوچە ژێردەستەکانی خۆی هەراسان کردووە

كەركووك-KDP.info-  بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزا و ناحیەكانی كوكووك دەڵێت، داعش بە سەدان كەسیان لە ناوچەكانی حەویجە و ڕیاز لێ كوژراوە كە، تا ئێستا تەرمەكانیان لەو دەرودەشتە ماوە و چەكدارێكی زۆریشیان وازیان لێ هێناون، ئەمە جگە لەوەی‌ ئەگەر دەرفەتیشیان هەبێت بەشێكی زۆر لە تیرۆریستان خۆیان رادەستی پێشمەرگە دەكەن.

بە مەبەستی‌ بەرزكردنەوەی‌ ورەی‌ خەڵكی‌ ناوچەكانی‌ سنووری‌ قەزاكانی‌ حەویجە و ڕیاز، تیرۆریستانی‌ داعش لەو سنوورانە نماییشی‌ سەربازی دەكەن،‌ پێوەست بەم پرسەیش بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزاو ناحیەكانی كەركووك عەمید (سەرحەد قادر) بە ‌ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، "ئەم نماییشانەی كە تیرۆریستانی داعش لە ناوچەكانی حەویجە ‌و ڕیاز دەیكەن، بۆ پەردەپۆشی ئەو شكستانەیە كە لەو سنوورە بردوویانە، چونكە داعش بە سەدان كەسیان لەم ناوچانەدا لێ كوژراوە كە تا ئێستا تەرمەكانیان لەم دەرودەشتە ماوە و ‌ چەكدارێكی زۆریان وازیان هێناوە، ئەگەر دەرفەتیشیان هەبێت بەشێكی زۆریان خۆیان رادەستی پێشمەرگە دەكەن."

(سەرحەد قادر) ڕوونیشی كردەوە، هاووڵاتیان لە هەموو شوێنێك پێیان خۆشە ئاوەدانی هەبێت و خزمەتگوزارییەكان بە تەواوی پێشكەشیان بكرێت، هەڵبەت هیچ خزمەتگوزارییەك لەو شوێنانەی ژێر دەستی ئەو تیرۆریستانەدا بەدی ناكرێت، سەرەڕای ئەمەیش خەڵكیكی زۆریان گولـلەباران كردوون و، خانوویەكی زۆریان تەقاندوونەتەوە ‌و كۆمەڵێك بڕیاری سەیریان بەسەر خەڵكی ناوچەكانی ژێر چنگیاندا سەپاندووە، خەڵكی ناوچەكانیش بە ناچاری ژیان دەگوزەرێنن، ئەگینا داعش هیچ بنەمایەكی ژیانی نەهێشتووەتەوە.

بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزا و ناحیەكانی كوكووك دەشڵێت، داعش كۆتایی پێ هاتووە، سەرەتا بە سەربڕین و كاری ناشیاو ترسیان لەلای خەڵكی دروست كردبوو، بەڵام ئێستا هێزی پێشمەرگە هێرش بۆ هەر شوێنێك بەرپا بكات بە كەمترین كات ئازادی دەكات و تیرۆریستان خۆیان لە بەردەم هەڵمەتی پێشمەرگەدا ناگرن و بە بەردەوامی ڕوو لە شكانن.

سەرباز واحد