Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

كەمال كەركووكی: داعش لە گوبێبە ‌و تەلوەرد تێك شكان.. زیانی زۆریان بەر كەوتووە

كەركووك-KDP.info-  بەرپرسی میحوەری رۆژئاوای كەركووك- دوبز  (د. كەمال كەركووكی) رایگەیاند، هێزەكانی پێشمەرگە دوێنێ شەو شكستیان بە هێرشێكی تیرۆریستانی داعش لە گوبێبە و تەلوەرد برد و توانییان زیانێكی زۆر بە تیرۆریستانی داعش بگەیەنن.

بەرپرسی میحوەری رۆژئاوای كەركووك - دوبز (د. كەمال كەركووكی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت، دوێنێ شەو تیرۆریستانی داعش لە گوندی گوبێبە بە ئاڕبیجی و بی كی سی و قەنناس هێرشیان هێنا، بەڵام لە بۆسەیەكدا هێزەكانی پێشمەرگەی ئەو سنوورە لێیان هاتنە دەست و لە ماوەی نزیكەی سەعاتێكدا توانییان ئەو هێرشەیان تێك بشكێنن و تیرۆریستان ڕاو نران. 

(كەركووكی) گوتیشی "لە تەلوەردیش تیرۆریستانی داعش هێرشیان بۆ سەر سەنگەرەكانی هێزی پێشمەرگەیان هێنا، بەڵام پێشمەرگە قارەمانەكان لێیان هاتنە دەست و وەڵامێكی باشیان دانەوە و بێدەنگیان كردن.

لە بارەی زیانەكانی تیرۆریستانی داعشیشەوە، بەرپرسی میحوەری رۆژئاوای كەركووك - دوبز ئاماژەی دا، "بەپێی زانیارییەكانی ئێمە لە گوبێبە و تەلوەرد زیانی زۆر بەر تیرۆریستان كەوتووە و كوژراو و برینداریان هەیە، بەڵام ئامارێكی تەواو لە بەردەستدا نییە".

نەشوان بەرزنجی