Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئەم حەفتەیە پێنج لایەنە كوردەكە لە بەغدا كۆ دەبنەوە

بەغدا-KDP.info-  بڕیار وایە ئەم حەفتەیە هەر 5 لایەنی كوردی لە بەغدا بە مەبەستی پێكهێنانی هاوپەیمانەتیی كورد لە بەغدا كۆ ببنەوە، ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانیش لە بەغدا دەڵێت، ئەو هاوپەیمانەتییە بۆ كورد زۆر گرینگە، هەر چەندە كورد تا ئێستا لە ‌بەغدا یەكگرتوو بوون، بەڵام بەو هاوپەیمانەتییە زیاتر یەكگرتوو دەبن و دەتوانن رووبەڕووی ئەو كێشانە ببێنەوە كە بەرۆكی كورد دەگرن.

ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر لیستی پارتی (رێناس جانۆ) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند، هەموو لایەنە كوردییەكان باوەڕیان بەوە هەیە كە دەبێت كورد لە بەغدا هاوپەیمانەتی دروست بكات  و یەكگرتوو بێت، بەڵام ئەوە دەمێنێتەوە سەر دانیشتنی لایەنەكان و گەییشتن بە رێككەوتن، بۆیە بڕیار وایە لەسەر دروستكردنی  ئەو هاوپەیمانەتییە، لایەنە كوردییەكان لە بەغدا ئەم هەفتەیە كۆ ببنەوە.

(جانۆ) گوتیشی، "ئێمە وەك پارتیی دیموكراتی كوردستان هەر لە سەرەتاوە هەوڵمان داوە كورد لە بەغدا هاوپەیمانەتی دروست بكات و یەكگرتوو بێت، ئێستایش سوورین لەسەر ئەوەی هەرچی زووە ئەو هاوپەیمانەتییە پێك بهێنرێت، چونكە یەكدەنگیی كورد لە بەغدا، هەڵوێستی كورد بەرانبەر بە لایەنەكانی دیكە دیاری دەكات."

دەشڵێت، "هیوادارین بتوانین ئەم حەفتەیە هاوپەیمانەتیی كورد لە بەغدا رابگەیەنین، هەر چەندە تا ئێستا كورد لە بەغدا هاوپەیمانیەتیی پێك نەهێناوە، بەڵام هەموومان بەرانبەر بە مافەكانی كورد یەكدەنگ و یەكهەڵوێست بووین و پێكەوە كارمان كردووە و زۆر سەر بڵندین بەو یەكدەنگییەی كە تا ئێستا لە بەغدا هەیە، بەڵام دەمانەوێت ئەو هاوپەیمانەتییە بكەینە فەرمی."

رابین شێروانی