Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

دوو ئەمیر و‌ 35 داعش لە هێرشی شنگالدا كوژران

شنگال-KDP.info-  فەرماندەی لیوای 8ـی هێزی پێشمەرگە لە ‌شنگال رایگەیاند، هێزەكانی پێشمەرگە لە چوار قۆڵەوە هێرشەكەی تیرۆریستانی داعشیان تێك شكاند و توانرا گورزی كوشندەیان لێ بدرێت و ژمارەیەكی زۆریشیان كوژران كە لە نێویاندا دوو ئەمیر هەن.‌


فەرماندەی لیوای 8ـی هێزی پێشمەرگه ‌لە ‌شنگال عەمید (هاشم سیتەیی) بە ‌ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت، "درەنگانی دوێنێ شەو تیرۆریستانی داعش لە چوار قۆڵەوە هێرشیان بۆ سەر سەنگەرەكانی هێزی پێشمەرگە لە گەڕەكی نەسر و قەلعە و ستی زەینەب بەرپا كرد و، لە ماوەی نزیكەی دوو سەعاتدا بە بێ ئەوەی بهێڵین تیرۆریستان بێنە پێشەوە، هێزەكانی پێشمەرگە توانیمان ئەو هێرشەیان تێك بشكێنین و گورزی كوشندەیان لێ بدەین".

لەبارەی زیانەكانی تیرۆریستانیشەوە، (سیتەیی) گوتی،  "خۆشبەختانە هێزەكانی پێشمەرگە بێزیان بووین و لە ئەنجامی تێكشكاندنی هێرشەكەی تیرۆریستانی داعشیش توانیمان زیاتر لە 35ـیان لێ بكوژین و بریندار بكەین كە لە ناویاندا دوو ئەمیر بە ناوەكانی (ئەبو یەعقوب) و (ئەبوعومەر) هەن كە، ئەوی دووەمیان بەرپرسی هێزی تایبەتی تیرۆریستانی داعش بوو، ئەمە جگە لەوەی كە ژمارەیەك كەلوپەل و ئۆتۆمبێلیشیان تێك شكێنران".

ئەو هەروەها ئاماژەیشی دا، فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانانیش لە تێكشكاندنی تیرۆریستاندا هاوكاریان بوون.

نەشوان بەرزنجی