Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

شارەداری لەندەن: کوردەکان باشترین ئومێدی ئێمەن

بەریتانیا-KDP.info-شارەداری لەندەن (بۆریس جۆنسۆن) ماوەیەک پێش ئێستا لە هەولێر تفەنگێکی بەدەستەوە گرتبوو دەیگوت من پێشمەرگەم؛ دوێنێیش لە لەندنەوە رایگەیاند کە، کوردەکان باشترین ئومێدی ئێمەن.

کۆنگرەی ڕۆژهەڵاتی ناوین لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا بۆ ڕەوشی ئابووریی ناوچەکە بە بەشداری (بۆریس جۆنسۆن) شارەداری لەندەن بەڕێوەچوو و، لە میانەی قسەکانیدا ڕۆڵی کورد و پێشمەرگەی بەرز نرخاند.
شارەداری لەندەن (بۆریس جۆنسۆن) لەماوەی پێشوویدا سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە و بەرەی جەنگی پێشمەرگەی لەدژ تیرۆریستانی داعش بەسەرکردووەتەوە و تفەنگێکی بەدەستەوە گرتبوو، شانبەشانی پێشمەرگە قارەمانەکان وەستابوو و، دەیگوت من پێشمەرگەم.
دیمەنی سەرکەوتنی هێزی پێشمەرگە بەسەر تیرۆریستانی داعش و پێشکەوتنی هەرێم و سەرسامی بە هەولێر، وایکرد دوێنێ لەمیانی بەشداری لە کۆنگرەی رۆژهەڵاتی ناوین لە لەندەن، (بۆریس جۆنسۆن) بڵێ، "کوردەکان باشترین ئومێدی ئێمەن و، شایستەی هەموو پشتگیرییەکی نێودەوڵەتین بۆ ئەو خۆڕاگرییانەی کە هەیانە. ئەوان پێویستیان بە هاوکاری و پاڵپشتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە". 
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (ناشناڵ) کۆنگرەکەی لەندەن کۆمەڵێک نوێنەری وڵاتانی جیهان و، بازرگانانی بۆ قسە و باسی ئابووریی ناوچەکە کۆ کردبووەوە، (بۆریس جۆنسۆن) لەسەر باردۆخی عێراق و داعش لەو کۆنگرەیەدا گوتی "تەنها عێراقییەکان خۆیان دەتوانن داعش لە وڵاتەکەی خۆیان شکست پێ بهێنن؛ پێویستە ئەو کارەش بکەن، ئەو مارە ژەهراوییەی لەوێدا خۆی مەلاس داوە بیکوژن. سوننەکانیش دەتوانن بەر بەو داگیرکارییەی داعش بگرن و کۆتاییان پێبهێنن".
و/ خالید ئەحمەد