Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لە یادی وەفاتی باوکی رۆحیی نەتەوەی کورددا، داوا کراوە پەرلەمانی عێراق مەراسیمێک ساز بدات

بەغدا-KDP.info-  پەرلەمانتارێکی پارتیی دیموکراتی کوردستان، نووسراوێک ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق دەکات بۆ ئەوەی لە یادی وەفاتی باوکی رۆحیی نەتەوەی کورد(مستەفا بارزانی)ـدا رێوڕەسمێک لە ھۆڵی پەرلەمانی عێراقدا ساز بدرێت.

ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستان (ئەردەلان نورەددین) رایگەیاند، ئەمڕۆ نووسراوێکی ئاراستەی پەرلەمانی عێراق کردووە بۆ ئەوەی رێورەسمێک لە ھۆڵی پەرلەمانی عێراق، لە یادی وەفاتی باوکی رۆحیی نەتەوەی کورد (مەلا مستەفا بارزانی)ـدا ساز بدرێت.
لە نووسراوەکەدا، ئەو پەرلەمانتارە داوا لە سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەکات کە، داواکارییەکەی بدەنە لیژنەی شەهیدان و قوربانیان و زیندانییە سیاسییەکان، تا لە ماوەی ١ تا ١٤ـی مانگی دادێ، ڕێوڕەسمێک بۆ ئەم پرسە ساز بدەن.

(مستەفا شێخ محەمەدی بارزانی) ناسراو بە (مەلا مستەفا) شۆڕشگێڕ و سیاسەتوانێکی بەناووبانگی کورد بوو. لە کۆماری مەھاباددا ڕۆڵی گرینگی ھەبوو و لە ١٩٤٦ـەوە ڕێبەری پارتیی دیموکراتی کوردستان بوو. لە ١٩٦١ـدا شۆڕشی ئەیلوولی دژ بە حکوومەتی ناوەندیی ئەو کاتەی عێراق بەرپا کرد. لە ساڵی ١٩٧٩ـدا لە وڵاتە یه‌کگرتووه‌کانی ئەمەریکادا بە ھۆی نەخۆشییی شێرپەنجەوە و لە تەمەنی ٧٦ ساڵیدا کۆتایی بە ژیانی ھات.
لە لایەن زۆربەی کورد و کوردستانیانەوە، (مەلا مستەفا بارزانی) وەک باوکی ڕۆحیی نەتەوەی کورد و کوردستان ناسراوە، لەبەر ئەو خەباتی دەوڵەمەند و تەرخانکردنی هەموو ژیانی بۆ ڕزگاریی کورد و کوردستان، کە ڕەنگداوەی لە هەر چوار پارچەی کوردستاندا هەبوو و بەشداریی زۆر شۆڕشی کرد و، وەک مرۆڤێک بۆ کوردستان خەباتی دەکرد، نەک لە ڕوانگای حزبییەوە یان پارچەیەکی کوردستان، بەڵکو بۆ گشت کوردستانی مەزن. تێدەکۆشا.

بڵند ئیبراھیم