Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پەرلەمان هەوڵ دەدات، شنگال بگەڕێنێتەوە سەر هەرێمی کوردستان.. کار بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکانتان دەکەین

شنگال-KDP.info-  جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بە ناوی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و ئەندامانی پەرلەمانەوە جەختی لەسەر پشتیوانیی پەرلەمانی کوردستان لە خەڵکی شنگال کردەوە و ڕاگەیاند، ئەو هێرش و پەلامارە دڕندانەیەی بەتایبەت دەرحەق بە ئێزدییەکان کرا تاوانی جینۆساید و قڕکردن بوو، تەواوکاری ئەو تاوانە نامرۆییانە بوو کە لە مێژوودا دەرحەق بە گەلەکەمان کراوە.

(جەعفەر ئێمینکی) لە سەر مەزاری شێخ شەرەفەددینەوە هەروەها گوتی، "پەرلەمانی کوردستان وەک چۆن لە یەکەم رۆژەوە هاوسۆز و پشتیوان بووە، ئێستایش هاتنی ئەم شاندە دووپاتکردنەوەی ئەو راستیەیە تا لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ ڕەوشی سەربازی و ئیداری و خزمەتگوزاریی دەڤەرەکە بکەین و، هەر لیژنە و بەپێی پسپۆڕێتیی خۆی بەدواداچوون بکات و هەوڵ بدەین بە هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی هەرێم، وەک هەمشە کار بۆ کەمکردنەوەی ئێش و ئازارەکانتان بکەین."

لای خۆشیەوە خزمەتکاری پەرستگاکە بە ناوی خەڵکی ناوچەکە سوپاسی هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کرد کە بە هەموو شێوەیەک هاوکاری و پشتیوانیی ئێزدییەکانیان کردووە و لێیشی بەردەوامن. هەڵبەت داوای کرد کار بکرێ شنگال بگەڕێتەوە سەر هەرێمی کوردستان، چونکە وەک ئەو گوتی، هەرێمی کوردستان خودانی راستەقینە و خەمخۆری ئێزدییەکانی شنگالە.
خزمەتکاری پەرستگای شێخ شەرەفەددین هاوکات داوای لە پەرلەمان کرد، کار بکەن تاوەکو شنگال بکرێتە پارێزگایەکی سەر بە هەرێمی کوردستان و جەختیشی کردەوە کە، رزگارکردنی ئەو دەڤەرە مایەی سوپاس و پێزانینی هەموو خەڵکی دەڤەرەکەیە و کاری بەردەوام بۆ سووککردنی ئازارەکانی ئەو ناوچەیە پێویستە، بۆ ئەوەی خەڵکی بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و بە یەکجاری لە مەترسییەکان دوور کەونەوە.
هەر لەسەر مەزاری شێخ شەرەفەددین ئەوە دووپات کرایەوە کە، هەموو هەوڵێکی دەستووریی و یاسایی دەدرێ بۆ ئەوەی بە ئیرادەی خەڵکی ئەو ناوچەیە، بگەڕێنەوە سەر هەرێم و ئەوەش خرایە روو کە، لەپێناو پاراستنی ئایینەکان و ئایینزاکان، پرۆژەیاسایەک دەخرێتە بەردەم سەرۆکایەتیی پەرلەمان بۆ پاراستنی ئایینی ئێزدی و هەموو ئەو ئایینانەی لە کوردستان بوونیان هەیە، تاوەکو هەرگیز دووچاری هیچ جۆرە ستەمێک نەبنەوە و مافەکانیان پارێزراو بن.

ئەم گوتووێژەی جێگری سەرۆکی پەرلەمان (د. جەئفەر ئیبراهیم ئێمینکی) و شاندێکی باڵای پەرلەمان کە ایوەرییان دەکرد، ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٦/٢/٢٠١٥، لە مەزاری شێخ شەرەفەددین بوو لە چیای شنگال و لەوێ لە لایەن و خزمەتکاری پەرستگای شێخ شەرەفەددین و، ژمارەیەک لە کەسایەتییەکانی شنگال و پێشمەرگە قارەمانەکانەوە پێشوازی کران.