Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

داعش دوێشەو قڕانی تێكەوت.. لە مەخموور گەورەترین شکستی برد

مەخموور-KDP.info-  سەرچاوەیەكی سەربازیی هێزی پێشمەرگە لە میحوەری گوێر مەخموور لە راگەیێندراوێکیدا دەڵێت، شەوی ڕابردوو تیرۆریستانی داعش بۆ جاری هەشتەم بەختی ڕەشی خۆی بۆ پەلاماردانی سەنگەرەكانی پێشمەرگە لە میحوەری گوێر مەخموور تاقی كردەوە و، لە سێ قۆڵەوە لە سنووری گردمامز و سوڵتان‌عەبدوڵا و گردجۆ  پەلاماری سەنگەرەكانی پێشمەرگەیان دا، بەڵام هێزی پێشمەرگەی كوردستان دلێرانە لێیان هاتنە دەست و وەك جارەكانی پێشوو زۆر بە توندی تێكیان شكاندن.
سەرچاوەیەكی سەربازیی هێزی پێشمەرگە لە میحوەری گوێر مەخمور، لەو ڕاگەیێندراوەدا کە وێنەیەکی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستان ناردووە، ڕایدەگەیێنێت، لە ئەنجامی شكستەكەی شەوی ڕابردوودا تیرۆریستان زیانێكی یەكجار گەورەیان بەر كەوت. زیانی تیرۆریستان یەكجارە زۆرە، دەیان تیرۆریست بریندار بوونە و دەیان كوژراویان لەگەڵ خۆیان بردووە و لاشەی 63 تیرۆریستی داعشیش لە مەیدانی شەڕەكە بەجێ ماوە و كەوتوونەتە دەست پێشمەرگە، كە چواریان ئەمیرن و یەكێكیان ناوی (ئەبو مەیموونە) و پێشبینی دەكرێت ئەم ژمارەیە بەرز ببێتەوە و گەڕان بەدوای لاشەی تیرۆریستان بەردەوامە.
بەپێی ڕاگەیێندراوەکە، شەڕەكەی شەوی ڕابردووی میحوەری گوێڕ مەخموور، یەكێك بووە لە توندترین ڕووبەڕووبوونەوەكانی نێوان پێشمەرگە و تیرۆریستان و، لە هەمانكاتیشدا بە گەورەترین شكستی تیرۆریستان لەم میحوەرە هەژمار دەكرێت.