Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لەم حەفتەیەدا زۆر بۆ بەغدا دەهێنن

بەغدا-KDP.info-پەرلەمانتارێكی كورد لە بەغدا ڕایگەیاند، ئەم حەفتەیە لە بەغدا زۆر بۆ حکوومەتی ناوەند دەهێنن تا بوودجە و مووچەی كوردستان بنێرێت.

(حاكم سەرحان سلێڤانی) پەرلەمانتاری كورد لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستانی  ڕاگەیاند: "ڕۆژی دووشەممە دەچینەوە بەغدا، هەموو هەوڵ و توانای خۆمان دەخەینە گەڕ و زۆر بۆ بەغدا دەهێنین تا بەشە بوودجە و مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان ڕەوانە بكات."
(حاكم سەرحان سلێڤانی) گوتیشی: قانوونی بودجەی 2015 چووەتە بواری جێبەجێكردن و، پێویستە بەغدا مافە داراییەكانی كوردستان بدات، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە ناردنی نەوتەوە پابەند بووە، بەغداش ئەرکی سەرشانیەتی بەشە بوودجەی هەرێمی كوردستان بنێرێت؛ خۆ لە بوودجەدا جێگیر كراوە و، پەسندیش كراوە.
ئەو پەرلەمانتارە ڕوونیشی كردەوە بەغدا ڕاست ناكات پارەی نییە؛ "هەموو ڕێكارە قانوونییەكان دەگرینە بەر بۆ ئەوەی چیتر بەغدا دەستی‌دەستی بە مووچە و قووتی خەڵكی كوردستانەوە نەکات.
بەرپرسانی حكوومەتی عێراق ڕایان‌گەیاندوە پارەیان نییە بەشە بوودجەی كوردستان بدەن، بەڵام (ئەحمەد چەلەبی) سەرۆكی لیژنەی داریی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاندووە، بەغدا پارەی هەیە و هیچ قەیرانێکی داراییشی نییە.
یەحیا سابیر