Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزارەتی دارایی چەند بڕیارێك بۆ فەرمانبەران دەردەكات

هەولێر-KDP.info- وەزارەتی داراییی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەند بڕیارێکی پێوەست بە چۆنیەتیی بەرزکردنەوەی ناونیشانی فەرمانبەرانی دەرچوواند.

بەپێی ڕێنمایەكی وەزارەتی دارایی كە ١٨/١/٢٠١٥ لە لایەن وەزیری دارایی دەرچووە و كۆپیەكی نووسراوەكەش دەست ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان كەوتووە، لەمەودوا گۆڕین و، بەرزكردنەوەی پلەی فەرمانبەران بە تایبەت ئەوانەی دەبنە پلەی تایبەت بەپێی چەند مەرجێك دەبێت.
بەپێی ڕێنماییەكە بۆ گۆڕینی ناونیشانی فەرمانبەران بۆ پلەكانی "شارەزا و ڕاوێژكاری یاسایی و دارایی، هونەری و ڕاوێژكاری و بوارەكانی دی" مەرجی هەیە، لەوانە" دەرچووی كۆلیژ بەسەرەوە بێـت، 17 ساڵ خزمەتی وەزیفیی فیعلی هەبێت، هەبوونی پلەی بەتاڵ لە میلاكی پەسندكراو، توێژینەوەیەك پێشكەش بكات لە بواری خۆیدا و لە لایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا پەسند بكرێت، 10 ساڵ بەسەر بڕوانامەی كۆلیژیدا تێپەڕیبێت كە بە دەستی هێناوە.
ڕێنماییەكەی وەزارەتی دارایی چەند مەرجێكی داناوە بۆ گۆڕینی ناونیشانی فەرمانبەران بۆ یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی، ئەویش بەپێی ئەو مەرجانە: دەرچووی كۆلیژ بەسەرەوە بێت، 17 ساڵ خزمەتی فیعلی، بەڵام ئەگەر لە پلەدوو بێت پێویستە 5 ساڵ خزمەتی فیعلی هەبێت، گۆڕینی ناونیشان بە دانان بێت نەوەك بە هەڵسان، هەبوونی پلەی بەتاڵ، شوێنی یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی لە هەیكەڵی ڕێكخستندا هەبێت و نابێت زیاد بكرێت.
بەپێی بەشێكی تری ڕێنماییەكەی وەزارەتی دارایی هەر فەرمانبەرێك بیەوێت ناونیشانەكەی بگۆڕێت بۆ بەڕێوەبەری جێبەجێكار، واتا بەڕێوەبەری فەرمانگە، دەبێت چەند مەرجێكی هەبێت لەوانە: "دەرچووی پەیمانگا بێت بەسەرەوە، بۆ دەرچووی كۆلیژ دەبێت 17 ساڵ خزمەتی فیعلیی هەبێت، بۆ دەرچووی پەیمانگاش دەبێت 20 ساڵ خزمەتی فیعلیی هەبێت، لێپرسراوی فەرمانگەیەكی سەربەخۆ بێت، یاخود لێپرسراوی بەڕێوەبەرایەتیەك بێت، هەبوونی پلەی بەتاڵ، خزمەتی 5 ساڵی هەبێت لە پلە2.
ئەو ڕێنماییە تازانەی وەزارەتی دارایی پەسند كراوە و، لە ١٨/١/٢٠١٥ـەوە جێبەجێ دەكرێت.
یەحیا سابیر