Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

دڵشاد شەعبان زانیاری لەبارەی مووچەی مانگی یەک و نرخی بەنزین راگەیاند

هەولێر-KDP.info-بەگوێرەی زانیاری پەرلەمانتار (دڵشاد شەعبان) پشکی هەرێم لە بودجەی بەغدا بۆ مانگی یەک ١٥ رۆژە خراوەتە سەر حسێبی هەرێم، بەڵام بەغدا کێشەی سیولەی هەیە..هەروا گوتیشی کە ئەگەری هەیە نرخی یەک لیتری بەنزین بکرێتە ٧٠٠ بۆ ٧٥٠ دینار.

جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان (دڵشاد شەعبان) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی گوت، ھەرزانکردنی نرخی بەنزین پێوەستە بە رێککەوتنی نێوان ھەرێم و بەغدا، چونکە تاوەکو ئەو رێککەوتنە جێ بەجێ نەکرێت، ئەستەمە جارێ بەنزین هەرزان بێت، بەڵام ئەگەر نرخەکەیشی داببەزێت بەو شێوەیە نابێت کە خەڵک چاوەڕێی دەکات و، رەنگە لە نێوان ٧٠٠بۆ٧٥٠ دینار بێت.
(دڵشاد شەعبان) کە ھاوکات ئەندامی لیژنەی داراییە گوتیشی، نزیکەی١٥رۆژ دەبێت پارەی ھەرێمی کوردستان بۆ مانگی یەک خراوەتە سەر حیسابی ھەرێمی کوردستان، بەڵام سیولە نییە؛ بۆیە تاوەکو ئێستا رەوانە نەکراوە و ئەگەر رەوانیش بکرێت تەنھا  ٥٨٠ ملیار دینار دەبێت کە بەشی مووچەش ناکات، چونکە عێراق لە شەش مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا تەنھا دەتوانێ مووچە بدات تا ئەو کاتەی قەیرانی دارایی چارە دەکرێت.

جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان ڕوونیشی کردەوە، کێشەی دواکەوتنی مووچە چارە دەکرێت، بەڵام کێشەی دیکە ھەیە ئەویش نزیکەی ٣٠ ھەزار فەرمانبەر ھەیە کە لە کەرتی تایبەت کاردەکەن و؛ مووچەکەی ھەرێم دەیدات لەئێستایشدا پێیان نادرێت، چونکە وەبەرھێنان وەستاوە، بۆیە پێویستە ھەرێم داھاتی دیکەی ھەبێت بۆ چارەکردنی کێشەکانی دیکە.
(دڵشاد شەعبان) راشیگەیاند، لەئێستادا کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا چارەکراون و؛ کێشە تەنھا ئەوەیە کە بەغدا پارەی نییە رەوانە بکات، ئەگەرنا کێشەکان چارە کراون.
بڵند ئیبراھیم