Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وادەی كارپێكردنی نرخی تازەی بەنزین ئاشكرا بوو

هەولێر-KDP.info- سەرچاوەیەكی ئاگادار لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، ئەگەر لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە نەبێت، ئەوا لە سەرەتای هەفتەی دادێ كار بە نرخی نوێی بەنزین دەكرێت و نرخەكەیشی بۆ هەر لیترێك لە نێوان ٦٥٠ بۆ ٧٥٠ دینار دەبێت.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە ئەنجوومەنی وەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە نەیویست ناوی ببرێت، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت، لیژنەی نەوت و گازی هەرێم چاوەڕوانی پەسندكردنی بەشەبودجەی هەرێمی كوردستان بوو، بۆیە وادەی جێبەجێكردنی نرخی نوێی بەنزین دوا كەوت. سەرچاوەكە گوتیشی كە، ئەگەر لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیەدا نەبێت، ئەوا لە سەرەتای هەفتەی دادێ كار بە نرخی نوێی بەنزین دەكرێت.
لە بارەی نرخەكەیشییەوە، ئەو سەرچاوەیە ڕوونی كردەوە، نرخی لیترێك بەنزین لە نێوانی 650 بۆ 750 دینار دەبێت و بۆ تەكسییش هەر لیترێك بەنزین بە 500 دینار دەبێت.
لە دوای هێرشەكانی داعش و قەیرانی دارایی لە حوزەیرانی ساڵی 2014-دا، لیترێك بەنزین لە 500 دینارەوە كرایە 900 دینار.

یەحیا سابیر