Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

هەشت پێشمەرگە گەمارۆدراوه‌كه‌ ئازاد کران.. ھێرش بەرەو گوندی مەلاعەبدوڵا دەستی پێکرد

کەرکووک-KDP.info-  فەرماندەیەکی ھێزی پێشمەرگە لە میحوەری کەرکووکەوە دەڵێت، ھێرش بۆ ئازادکردنی گوندی مەلاعەبدوڵا دەستی پێکردووە و، ھێزی پێشمەرگە لە پێشڕەویدایە؛ جەختیشی کردەوە، ئەو مەلایەی لە سنووری ھەولێر چووبووە ناو داعش دوێنێ کوژراوە.

عەمید (عوسمان ڕەمەزان) فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە لە میحوەری کەرکووک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە ھێرشەکەی دوێنێ بۆ سەر چەکدارانی داعش لە سنووری پارێزگای کەرکووکدا، گورزی کوشندەمان لە داعش وەشاندووە و، نزیکەی 150 تیرۆرستی داعش کوژراون و، زیانی زۆریان پێ گەیێندراوە."

عەمید (عوسمان ڕەمەزان) گوتیشی: "ھەموو ناوچەکانمان ئازاد کردووەتەوە و، تەنیا گوندی مەلاعەبدوڵا ماوە و، ئەوەیش وا دەستمان کردووە بە ھێرش و، لە ماوەیەکی نزیکدا ئەو شوێنەش ئازاد دەکرێتەوە."

(ڕەمەزان) ڕوونیشی کردەوە کە: "(مەلا شوان کوردی)ـیش لەنێو کوژراوەکانی دوێنێدایە؛ ئەو مەلایەی وا لە شارەدێی دارەتووی ھەولێرەوە چووبووە ناو داعش."

ئەوەشی خستە ڕوو کە ئێستا شەڕ بەردەوامە و، ھێزی پێشمەرگەیش لە پێشڕەویدانە بۆ ئازادکردنی تەواوی ناوچەکە؛ ئەو ھەشت پێشمەرگەیشە وا گەمارۆ درابوون، هەرهەشتەکەیان ئازاد کراون.

بڵند ئیبراھیم