Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

دکتۆر ڕۆژ: داعش دەترسێت لەوەی شەڕی مووسڵ دەستی پێکردووە؛ هەربۆیە جموجۆڵ ده‌کات

هه‌ولێر -KDP.info-پێشمەرگە ئازایانە سەرجەم هێرشەکانی ئەو هەینییەی داعشیان تێک شکاند. لەو بارەیەوە ڕۆیتەرز نووسیویەتی، داعش لە زۆربەی میحوەرەکانەوە هێرشی کردووەتە سەر پێشمەرگە؛ هەر لە کەرکوک و، خازر و، مەخموور و، زۆر ناوچەی تر، بەڵام لە هەموو بەرەکاندا، تێک شکێنراوە و، پێشمەرگە ئازایانە بەرپەرچی هێرشەکانیان داوەتەوە.
هەر لەو بارەیەوە دکتۆر ڕۆژ نووری شاوەیس، جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق بە ڕۆیتەرزی گوت: داعش دەترسێت لەوەی شەڕی مووسڵ دەستی پێکردووە، هەربۆیە هەوڵ دەدات وا نیشان بدات کە دەتوانێ لە نزیک هەولێر و کەرکووک جموجۆڵ بکات.
بی‌بی‌سی لەو بارەیەوە لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی سەرباری ئەو سەرکەوتنانەی ئەو دواییە كه‌ بەدەست هاتوون، ئەو هێرشانەی داعش ئەوە دەردەخەن کە هێشتا توانای شەڕکردنیان ماوە، بۆیە نابێ هاوپەیمان و هێزە عێراقییەکان بێخەم بن و، دەبێ ستراتیژیی بەرەنگاربوونەوی داعش چڕتر بکەنەوە.
هەڵبەت پێشتریش نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە چاوپێکەوتنێکیدا هۆشداریی دابوو داعش ڕێکخراوێکە بە وردی و وریایی دامەزراوە و، مەترسییەکەی بۆ چەند ساڵێک لەسەر ناوچەکە و جیهان هەر دەمێنێ.
(نیوزتەلگرام)ـیش پێی وایە هێرشەکەی ڕۆژی هەینی لە نزیک کەرکووک بۆ دەستبەسەرداگرتنی نەوتەڵانەکان بووە. بەڵام سەری نەگرت، جگە لەوەش لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کشانەوەی سەربازانی ئەمەریکا هەڵە بوو، نەدەبووایە هێزە ئەمریکاییەکان لە 2011ـدا عێراق تەنیا جێ بهێڵن، چونکە عێراق خۆی نەگرتبوو، هەربۆیەش داعش لەو لاوازییەی عێراق کەڵکی وەرگرت و، ئێستا بەشێکی گەورەی وڵاتیان دەگیرکردوە.

و/ خالید ئەحمد