Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بەغدا..دوای واژۆکردنی بودجە لای سەرۆککۆمار دەبێ پشکی هەرێم رەوانە بکرێت

بەغدا-KDP.info- ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق (سەرحان ئەحەمەد سلێڤانەیی) رایگەیاند کە، دوای واژۆکردنی بودجە لای سەرۆککۆماری عێراق یەکڕاست دەبێ پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا رەوانە بکرێت..هەروا گوتیشی، هەر لایەنێک پابەند نەبێ بە جێبەجێ کردنی بڕگەکانی بودجە، ئەوا بەرپرسیار دەبێ و لێپێچینەوەی لەگەڵ دەکرێت.

ئەندامی ئەنجوومەنی نوینەرانی عیراق و ئەندامی لیژنەی دارایی (سەرحان ئەحەمەد سلێڤانەیی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، دوێنێ شەو کە گشت فراکسیۆنەکانی نێو پەرلەمانی عێراق بودجەی گشتیی عێراقیان پەسەند کرد، لە ئێستادا هەر لایەنێک تەواوی بڕگەکانی ئەو بودجەیە جێبەجێ نەکات، ئەوا رووبەڕووی لێپێچینەوە دەبێت و بەرپرسیار دەبێت لە ئاست گشت عێراقییەکاندا.
هەروا گوتیشی کە، ئێستا بودجە بووە بە یاسا و دەچێتە بەردەم سەرۆککۆماری عێراق بۆ ئەوەی واژی لەسەر بکات، گشت بڕگەکانیشی دەبێ لە 1-1-2015 هەژماربکرێن و بخرێتە واری جێبەجێ کردنەوە.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەڕلەمانی عێراق ئاماژەیشی کرد کە، لەئێستادا هیچ رێگریەک نییە کە پشکی هەرێم لە بودجەی گشتیی عێراق رەوانە نەکرێت، دەبێ دوای واژۆکردنی سەرۆککۆماری عێراق لەسەر ئەو یاساییە یەکڕاست پشکی هەرێم کە 17%ـە رەوانە بکرێت.
جێی ئاماژەیە، بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2015 بە 119 ترلیۆن دینار دیاریکراوە؛ نرخی فرۆشتنی بەرمیلێك نەوتی خاو لە بازارەكانی جیهانیشدا بە 56 دۆلار خەملێنرا .
نەشوان بەرزنجی