Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

کۆبانی..ناوی تەواوی گوندە ئازادکراوەکان بزانە..پێشمەرگە و شەڕڤانان گەمارۆی دوو گوندی دیکەیان داوە

کۆبانی-KDP.info-فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە كۆبانی‌ عەمید (موسلیح زێباری) رایگەیاند کە، تا ئەو ساتەی لێدوان بۆ ئێوە دەدەم ژمارەی گوندە ئازادکراوەکان بوون بە 14 گوند و؛ لە ئێستاشدا گەمارۆی دوو گوندی دیکەمان داوە تا ئازادی بکەین..هەروا جەختیشی کرد کە، پێشمەرگە لە کۆبانی وێڕای ئەوەی کە پاڵپشتی لە شەڕڤانان کردووە؛ هاوکات لە ئێستادا شانبەشانی شەڕڤانان هێرشیش دەکات ئەمەش وایکردووە کە، دەستکەوتی باش بۆ کۆبانی بەدەست بهێنرێت.

فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە كۆبانی عەمید (موسلیح زێباری) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت، "دوای ئەوەی کە کۆبانی لەلایەن ئێمەو شەڕڤانان بەتەواوەتی ئازاد کرا، لە ئێستادا دەستمان کردووە بە ئازادکردنی گوندەکانی سنووری کۆبانی و تا ئێستاش ئەو گوندانەمان ئازاد کردوون کە ناوەکانیان بریتین لە: ( تەرمیك، مامیك، گولمیج،حەلنج ، كورپیندار ، جەمجران و تلشەعیر). لە دوێنێیشەوە تا ئەو ساتەی کە ئێستا لێدوان دەدەم لە رۆژئاوای کۆبانی ژمارەیەک گوندی دیکەمان بە ناوەکانی: (مەنازە، ئەبرۆشە، عەین پەلورە، گردی ئیزاعە، چۆلی بیك و مستەفای میسا) ئازادکردون، هەروا لە رۆژهەڵاتیش (گوندی شییران) بەتەواوەتی ئازاد کراوە".
فەرماندەکەی کۆبانی دەشڵێت، ئێستا پێشمەرگە لە هێرشبردندایە، رۆڵێ ئێمە تەنیا بۆردومان و تێکشکاندنی هێرشەکانی تیرۆریستان نییە، بەڵکە شان بەشانی شەڕڤانان پێشمەرگە هێرشدەکات و ئەمەیش وایکردووە کە دەستکەوتێکی گەورە لەگەڵ شەڕڤانان بۆ کۆبانی بەدەست بهێنرێت.
هەروەها (موسلیح زێباری) گوتیشی کە، هەندێ بەرزایی باشمان لە دووری 7 کم لە کۆبانی ئازاد کردوون، ئەو ناوچانە وەها ستراتیژین کە ئیدی تیرۆریستان ناتوانن هێرش بۆ نێو کۆبانی بهێنن، چونکە لەو بەرزاییانەوە ئێمە بۆردومانیان دەکەین و وامان لێکردوون کە بەردەوام رابکەن. گوتیشی لە ئێستادا ئێمە و شەڕڤانان لە پێشڕەویداین بۆ ئەوەی هەردوو گوندی تەلحاجب و کیکان ئازاد بکەین.
نەشوان بەرزنجی