Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

زانیاری لەبارەی رەوشی شنگال و باشیک و زوممار

ھەولێر-kdp.info-  سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی، لە چەند میحوەرێک شەڕ لەنێوان ھێزی پێشمەرگە و تیرۆرستانی داعشدا بەرپا بوو و لە زۆربەی میحوەرەکان تیرۆریستان تێک شکێندران و زیانی زۆریان پێگەیاندن؛ لە میحوەرەکانی باشیک و شنگال و زومماریش ھێزی پێشمەرگە لە ئامادەباشیدانە و لە ئێستادا رەوشەکە ئارامە.

بەرپرسی میحوەری باشیک (حەمید ئەفەندی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، شەوی رابردوو تیرۆریستانی داعش خۆیان ئامادە کردبوو بۆ ئەوەی ھێرش بکەن، بەڵام ھێزی پێشمەرگە لە ئامادباشیدا بوون و ھەرزوو مۆڵگەکانی داعشیان بۆردوومان کردن و رێگەیان نەدا ھێرش بکەن و پلانەکەیان پووچەڵ کردنەوە.

(حەمید ئەفەندی)گوتیشی، "بە ورەی پۆڵایینی ھێزی پێشمەرگە رێگە نادەین داعش لەو سنوورەی ئێمە سەرکەوتوو بن و تێکیان دەشکێنین."

فەرماندەی میحوەری شنگالیش عەمید(بەھرام عەریف یاسین) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی گوت: ھێزی پێشمەرگە لە ئامادەباشیی تەواو دان و لە شەوی رابردووەوە ھیچ ھێرشێک نەبووە و تەنھا ھەندێک تەقە ھەبووە؛ ھێزی پێشمەرگەیش لە سەنگەرەکانیاندانە و ئامادەن بۆ ھەر ئەگەرێکی نەخوازراو.

لەلایەکی دیکەیشەوە ئەفسەری ھێزی پێشمەرگە لە میحوەری زوممار راید(ئەحمەد سورچی) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "ھێزی پێشمەرگە لە حاڵەتی ئامادەباشیدایە، هەڵبەت لە یەکێک لە گوندەکان تیرۆریستان ھەندێک جموجۆڵیان ھەبووە لە سنوورەکەی ئێمە، بەڵام ھەر زوو ھێزی پێشمەرگە تێکیان شکاندن و رێگەیان نەدا سەرکەوتوو بن."

بڵند ئیبراھیم