Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

عەدنان كەركووكی: پارێزگاری کەرکووک لەسەر داوای خۆی سەردانی كردین.. بزانە لە كۆبوونەوەكەدا چی گوتراوە

كەركووك-KDP.info- گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە كەركوك _گەرمیان ئاشكرای كرد، هاتنی پارێزگاری كەركووك بۆ لای پارتیی دیموكراتی كوردستان بۆ ئاساییكردنەوەی پێوەندیی نێوان هەردوو لایەن بووە.

گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە كەركووك _گەرمیان (عەدنان كەركووكی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، سەردانی پارێزگاری كەركووك بۆ ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتیی لەسەر داوای خۆی بووە، ئەمەیش بۆ ئاساییكردنەوەی پێوەندیی نێوان پارتیی دیموكراتی كوردستان و پارێزگاری كەركووك بووە.
(عەدنان كەركووكی) ڕوونیشی كردەوە، لە كۆبوونەوەكەدا باس لە بارودۆخی كەركووك و دروستكردنی سێ فەوج بۆ كورد، عەرەب، توركمان، دۆخی ئاوارەكان و داهاتووی كەركووك كراوە و، هەر لە كۆبوونەوەكەدا بڕیار درا سەردانی زیاتر هەبێت، بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی باشتر خزمەتی شاری كەركووك بكرێت.
گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە كەركووك _گەرمیان گوتیشی، "پارتیی دیموكراتی كوردستان هەمیشە لەگەڵ یەكڕیزی و تەبایی كورددا بووە، چونكە ئەمە سیاسەتی ستراتیژی ئێمەیە، بۆ ئەوەی كەركووك زیاتر خزمەتی بكرێت و كێشەكانی چارە بكرێن، چونكە دانیشتووانی كەركووك پێویستە خزمەتیان بكرێت".

(كەركووكی) راشیگەیاند، "ئێمە ئێستاش جەخت دەكەینەوە كە دژی پێكهێنانی هێزی میلیشیاین، چونكە پێمان وایە ئەوەی پێی رازی بێت هەڵەیەكی مێژوویی دەكات، لەبەر ئەوەی هێزی پێشمەرگە لە ناوچەكەدا هەموو پێكهاتەكانی بە بێ جیاوازی پاراستوون و؛ هەموو لایەكیش بە بوونی پێشمەرگە رازین".

ئەوەیشی خستە ڕوو كە، "ئێمە وەكو پارتیی لە كەركووك مەبەستمانە كوردایەتی بكەین، نەك حیزبایەتی و لە پێناو كەركووكیشدا زۆر قوربانیمان داوە".
بڵند ئیبراهیم