Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

مووسڵ؛ دیسان ئاڵای کوردستان بەرز کرایەوە؛ خەڵکی ناوچەکەش پێی دڵخۆشن

مووسڵ ـــ kdp.info ـــ داعش لە مووسڵ تووشی ترس و دڵەڕاوکێ ھاتووە و، تیرۆرستان بە ڕێژەیەکی زۆر لە ناو مووسڵ بڵاو بوونەتەوە؛ ترسییان لێ نیشتووە ھێزی پێشمەرگە ھێرشیان بکاتە سەر و، دوای ئەوەی لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو ئاڵای کوردستان لە مووسڵ بەرز کرایەوە جارێکی دیکە کۆمەڵە گەنجێکی کورد لە ناوچەی ڕەشیدیە ئاڵای کوردستانیان بەرز کردەوە.

بەرپرسی لقی چواردەی پارتیی دیموکراتی کوردستانی مووسڵ (عیسمەت ڕەجەب). بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "جارێکی دیکە لە ناوچەی ڕەشیدیەی پارێزگای مووسڵ ژمارەیەک گەنجی کورد ئاڵای کوردستانیان بەرز کردووەتەوە و، خەڵکی ناوچەکەش پێی دڵخۆش بوونە؛ ئێستا تیرۆرستانی داعش لە ناوچەکە دەستیان کردووە بە لێکۆڵینەوە بۆ ئەوەی بزانن کێ ئەو کارەی کردووە".
(ڕەجەب) گوتیشی: "داعش لەناو مووسڵ تووشی ترس و دڵەراوکێ و، ڕووخان ھاتوونە و، بەردەوام چەکەکانیان بە دەستەوەیە و، بە ڕێژەیەکی زۆر لە ناو مووسڵ بڵاو بوونەتەوە و، باس لەوە دەکەن ھێزی پێشمەرگە ھێرش دەکات و، سەرکردایەتیەکەیان زۆری بۆ هێناون."
بەرپرسی لقی چواردەی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ ڕوونیشی کردەوە، جگە لە بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان، لە زۆر شوێن ئاڵای عێراقیش بەرز دەکرێتەوە، بۆیە داوایان لە خاوەن مۆلیدەکان کردووە پێویستە ھەر یەکەیان کامیرایەکی چاودێری لە پێش مۆلیدەکانیان ببەستن و، شەوانە گڵۆپێک بە داگیرساوی بەجێ بێلن و، ئەوەی ئەو کارەش نەکات سزای دەدەن.
ئەو بەرپرسەی پارتیی ڕایشیگەیاند: "کێشە کەوتووەتە نێوان سەرکردەکانی تیرۆرستانی داعش، بە ھۆی ئەوەی ھێزی پێشمەرگە ناوچەیەکی فراوانی ئازاد کردووە و، ئەوانیش شکستی گەورەیان ھێناوە."
(عیسمەت ڕەجەب) ئەوەشی خستە ڕوو، ڕێکخراوی تیرۆرستیی داعش بڕیارێکی نوێی بۆ خەڵکی مووسڵ دەرکردووە، کە نابێت ھاووڵاتیان سەردانی نەخۆشخانەکان بکەن و، تەنیا حەفتەی یەک ڕۆژ، ئەوەیش بۆ نەشتەرگەری، ئەگەرنا ڕێگە نادەن ھیچ کەسێک بۆ چارەسەر، سەردانی نەخۆشخانەکان بکات، چونکە ھەموو ڕۆژەکانی دیکەی حەفتە بۆ بریندارەکانیان تەرخان دەکرێت، لەبەر ئەوەی ژمارەی بریندارەکانیان گەلێک زۆرە."
ھەروەھا گوتیشی: "کارگەی دروستکردنی بۆمب لە ناوچەی شەلالات تەقیەوە، لە ئاکامدا چوار تیرۆرست کوژران و، سێی دیکەش بریندار بوون."
بەرپرسی لقی چواردەی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ گوتیشی: "لە ناوچەی تەحریر لە لای چەپی مووسڵ، تیرۆرستێکی داعش لە یەکێک لە خاڵەکانی پشکنین بە قەناسبەدەستێکی کەتیبەکانی مووسڵ، کوژرا."
بەرپرسی لقی چواردە ئەوەشی ئاشکرا کرد، بۆمبێک لە ناو دەستی چەکدارێکی داعش لە شارۆچکەی تلکێف تەقیوەتەوە، لە ئاکامدا دوو تیرۆرست کوژراون و، چواری دیکەش بریندار بوونە."
بڵند ئیبراھیم