Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

داعش چی لە دوو بارمتە ژاپۆنییەکە كردووە؟ ئیسرائیل چ دەڵێت؟

داعش گرتەیەکی ڤیدیۆیی دوو بارمتەی ژاپۆنی بڵاو کردبوویەوە، هەڕەشەیشیان کردبوو کە ئەگەر بە 72 سەعات دووسەدملیۆن دۆلاریان نەدرێتێ، دەیانکوژن. 72 سەعاتەكە تەواو بووە و، چارەنووسی ئەو دوو ژاپۆنییە دیار نییە و گومان لە درووستی گرتەڤیدیۆیەکە دەکرێت.

بی‌بی‌سی لەو بارەیەوە ڕاپۆرتێکی بڵاو کردووەتەوە، کە شینزۆ ئابێی سەرۆکوەزیری ژاپۆن ئەو کارەی داعشی ڕیسواکردووە و، داوای بەپەلە بەردانیان دەکات. ئابێ گوتی: هەڕەشەکان جێگای قبووڵکردن نین، بۆ سەلامەتیی بارمتەکان تەواوی هەوڵەکانمان دەخەینە گەڕ، گیانی ئەوان بۆ ئێمە گرنگە، هەروا بە ئاسانی نایانخەینە دەست تیرۆریستان.
جێی باسە ئێستا ژاپۆن سەرقاڵی کارکردنە لەسەر ڕاستی ڤیدیۆیەکە و، چاوەڕوان دەکرێت لەبەر ئەو دۆخە شینزۆ ئابێ کە گەشتەکەی درێژە پێ نەدات و بگەڕێتەوە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتەکەی بی‌بی‌سی، شینزۆ ئابێ لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی لە ئیسرائیل، زۆر داخ‌لەدڵ بووە و بێزار دیار بووە لەو کارە چەپەڵەی داعش و، داوای کارکردنی پێکەوەیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشی کردووە بۆ بڕینەوەی دوای تیرۆریستانی داعش.
هەڵبەت گرتنی ئەو بارمتانە لەلایەن داعشەوە، دوای بەڵێنەکەی شێنزۆ ئابێ هات بۆ هاوکاری مرۆیی ڕۆژهەڵاتی ناوین، کە 200ملیۆن دۆلاریشی تەرخان کردبوو بۆ ئەو وڵاتانەی بە دەست داعشەوە گیریان خواردوە.
کوشتنی بەکۆمەڵ و، ڕفاندن و، ترس و، دڵەڕاوکێ یەکێکن لەو کلیلانەی کە داعش وەکو پڕوپاگەندە بۆ خۆیان بەکاریان دێنێ.

و/ خالید ئەحمەد