Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

دەقی نامە حەوت‌خاڵییەکەی (سەرۆک بارزانی) بۆ وەزارەتی پێشمەرگە.. دەبێ هێزی پێشمەرگە یەک‌بخرێتەوە و گۆڕانکاری لە فەرماندەییەکاندا بکرێ

هەولێر-KDP.info-  سەرۆکی هەرێمی کوردستان (مەسعوود بارزانی) لە نامەیەکی حەوت خاڵیدا کە بۆ وەزارەتی پێشمەرگەی ناردووە، ڕادەگەینێ، بەهیچ جۆرێک کاری ڕێکخستن و حزبایەتی لەناو وەزارەت ناکرێت و ئەو کەسەی بیەوێت لەناو وەزارەت حزبایەتی بکات با دەست  لە کار بکێشێتەوە و بگەڕێتەوە بۆ لای حزبەکەی خۆی. هاوکات دەڵێ، پێویستە هەرچی زووتر هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە ڕێکوپێکی یەک‌بخرێتەوە و گۆڕانکاری لەو فەرماندەییانەدا بکرێت کە لە شەڕی دژی تیرۆریستاندا نەیانتوانیوە ئەرکی خۆیان بە باشی جێبەجێ بکەن و فەرماندەی تر کە چالاک بوون لە جێگەیان دابندرێن. جەختیش دەکاتەوە کە، کەس بۆی نییە هێزی تازە لە دەرەوەی وەزارەت دروست بکات.

دەقی نامەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە

ڕۆژی 14ـی 12ـی 2014 بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە نامەیەکدا بۆ وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە حەوت خاڵدا ڕێنمایی نوێی بۆ یەکخستنەوە و ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان ئاراستەی وەزارەتی پێشمەرگە کردووە.

ئەمە دەقی نامەکەیە:
بۆ/ وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
بابەت: ڕێنمایی

لەبەر ئەوەی کە وەزارەتی پێشمەرگە وەزارەتێکی گرینگە و ئەرکێکی قورس و پیرۆزی لەسەرشانە، بۆیە وەزارەتی هەموو گەلی کوردستانە. ئێستایش کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، حکوومەتێکی بنکەفراوانە، نەک پەنجا بە پەنجای نێوان دوو حزب، کەواتە دەبێ ڕەفتاری کارمەندانی وەزارەت ڕەفتارێکی نەتەوەیی بێت نەک حزبی.
بۆیە پێویستە زۆر بە وردی ڕەچاوی ئەم خاڵانە بکرێت:
1. بەهیچ جۆرێک کاری ڕێکخستن و حزبایەتی لەناو وەزارەت ناکرێت و ئەو کەسەی بیەوێت لەناو وەزارەت حزبایەتی بکات با دەست  لە کار بکێشێتەوە و بگەڕێتەوە بۆ لای حزبەکەی خۆی.
2. دابەشکردنی چەک و تەقەمەنی بەپێی پێویستیی بەرەکانی جەنگ دەبێت، نەک لەسەر بنەمای پەنجا بەپەنجای حزبی.
3. بوودجەی هەموو هێزەکانی پێشمەرگە، بە لیواکانی وەزارەت و هەردوو یەکەی 70 و80 شەوە، دەبێ لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە دابەش بکرێت، نەک بە شێوازی پێشوو.
4. پێویستە هەرچی زووتر هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە ڕێکوپێکی یەک‌بخرێتەوە. بە شێوەیەک کە نابێ حزبایەتی تێدا بێت.
5. گۆڕانکاری لەو فەرماندەییانە بکرێت کە لە شەڕی دژی تیرۆریستاندا نەیانتوانیوە ئەرکی خۆیان بە باشی جێبەجێ بکەن و فەرماندەی تر کە چالاک بوون لە جێگەیان دابندرێن.
6. هەر کارمەندێک، لە هەر ئاست و پۆستێکدا بێت، ڕاپۆرت لەسەر ڕەوشی وەزارەت بداتە هەر حزبێک، سزا دەدرێت و دەدرێتە دادگای سەربازی.
7. هەر هێزێک لە دەرەوەی وەزارەت هەبێت بە نایاسایی دەژمێردرێت و کەس بۆی نییە هێزی تازە لە دەرەوەی وەزارەت دروست بکات.


                                                    مسعود بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
                                                     14/12/2014