Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

داعش دووبەرەكیی تێ كەوت.. لە تیرۆریستە بیانییەكان بەگومانن

هەولێر-KDP.info- تیرۆریستانی داعش سیخوڕی بەسەر تیرۆریستە بیانییەكانییەوە دەكەن و بەپێی گرتەیەكی ڤیدیۆییش، پێدەچێت دووبەرەكی كەوتبێتە نێوانیانەوە و كەوتوونەتە دۆخی تەكفیركردنی یەكدی.

ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا دەستگیركردنی شانەیەكی چواركەسی ڕاگەیاند كە، بە توركی قسە دەكەن و گوایە نیازی كودەتایان هەبووە بەسەر داعشەوە لەو ناوچەیەی كە دەستیان بەسەردا گرتووە، هەروەها وەهایان بڵاو كردووەتەوە كە، باوەڕیان زۆر توندترە لەوەی ئەو ڕێكخراوە تیرۆیستییەی لەسەر بینا كراوە.

بەپێی هەواڵێكی DW، لەو گرتە ڤیدیۆییەدا كە ئەمڕۆ دووشەممە لەو پێگەیەی كە هەواڵی تیرۆریستانی لێ بڵاو دەبێتەوە، یەكێك لە تیرۆریستەكانی داعش دەڵێ، ئەو شانەیە لە چوار ئەندامی ڕێكخراوەكە پێك ‌هاتووە و پیلانیان داڕشتووە بە چەكەوە لەو دەوڵەتە داهێنراوە بچنە دەرەوە. زیاتر گوتی، ئەوان مەبەستیان بووە ئاساییشی دەوڵەتی ئیسلامی بشێوێنن، ئەمەیشیان وەك ئامادەسازییەك بووە بۆ وەشاندنی گورزی سەلیبی و سوپای ئازاد و ڕژێمی سووریا.

لەو گرتە ڤیدیۆییەدا كە بە ناوی گرتنی شانەیەكە كە پیلانی چوونەدەرەوەیان لە دەوڵەتی ئیسلامی داڕشتووە، بەشێكی تێدایە كە كەسانێك بە زمانی توركی قسە دەكەن، وەك ئەوە خۆیان دەردەخەن كە ئاگایان لەوە نییە ئەم قسانەیان تۆمار دەكرێن، ئەوان لە قسەكانیاندا نیازی خۆیان دەخەنە ڕوو كە دژ بە دەوڵەتی ئیسلامی چەك هەڵدەگرن و بەرەوڕووی دەبنەوە.
ئەو چوار كەسە لەو تۆمارەدا كە دواتر وەك ددانپێدانان وایە بۆیان، بڕیاریان داوە كە دژ بە ڕێكخراوەكەیان "داعش" بجەنگن، چونكە ڕێكخراوێكی كافرە، بەو پاساوەی ئەوەی كە فەتوای كافریی هەردوو گەلی سووریا و عێراقیان نەداوە، هەروەها گوایە ئەمیرەكەیان (ئەبوبەكر بەغدایی) سامانی گەلێكی كافر وەردەگرێ و كەواتە خۆیشی كافرە.

بەڵام ئەو گرتە ڤیدیۆییە نیشانی نەداوە كە ئەو شوێنە كوێیە ئەم ڕووداوەی تێدا تۆمار كراوە، تەنیا هێندە نەبێ كە لە ویلایەتی ڕەققەوە دەرچووە.

تیرۆریستانی داعش لە ویلایەتی ڕەققە دەڵێن، پۆلیسی سەربازی پێك هێنراوە بۆ ئەوەی چاودێریی تیرۆریستە بیانییەكان بكات كە خۆیان لە ئەركەكانیان دەدزنەوە و دەیان ماڵیش پشكندراون و زۆرێكیشیان لێ دەستگیر كراون.

زریان زیاد