Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پێشمەرگە داعشی تۆقاندووە.. هیچ هێزێكی سوپای عێراق نەچووەتە تەلەعفەر

تەلەعفەر-KDP.info- ئەندامی لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ (غەزوان داوودی) رایگەیاند، هیچ هیزێكی عێراقی نەچووەتە نێو تەلەعفەر و ئەو دەنگۆیانەی بڵاو كراونەتەوە لەلایەن شیعەكانەوە بووە و ڕاست نین. جەختیشی كرد كە، پێشمەرگە داعشی لە تەلەعفەر تۆقاندووە و ترسیان لێ نیشتووە كە پێشمەرگە هێرش بكاتە سەریان.

ئەندامی لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ (غەزوان داوودی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "دوێنێ دەنگۆی ئەوە بڵاو بووەوە كە هێزێكی فیرقەی زێڕین چوونەتە نێو تەلەعفەر و ئێمەیش وەك ئەنجوومەن بەدواداچوونمان بۆی كرد ئاشكرا بوو كە ئەو دەنگۆیە هیچ بنەمایەكی نییە و هیچ هێزێك نەچووە بۆ تەلەعفەر و ئەو هەواڵە شیعەكان بڵاویان كردووەتەوە".

(غەزوان داوودی) گوتیشی، تە نیا ئەوە راستە كە داعش لە تەلەعفەر ترسی لێ نیشتووە و ژمارەیەكی زۆریان لە ترسی پێشمەرگە بەرەو مووسڵ رایان كردووە، هەروا پێشمەرگەیش داعشی لە تەلەعفەر تۆقاندووە.

زیاتر گوتی، داعش تووشی ڕووخان هاتووە و لە مووسڵ پڕوپاگەندە بۆ خۆی دەكات و باس لەوە دەكات چەند ناوچەیەكیان كۆنترۆڵ كردوون، بە بێ ئەوەی هیچ راستییەكی بۆ هەبێت و خەڵكی مووسڵیش زۆر لێیان بێزارن و هەر هێرش بكرێت خەڵكەكە لێیان هەڵدەستن.
بڵند ئیبراهیم