Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

جێبەجێكردنی داواكاریی توركمان و مەسیحییەكان دەچێتە دوای پشووی پەرلەمانەوە

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی فڕاكسیۆنی بەرەی توركمانی لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، هەمواركردنەوەی یاسای كۆمسیۆن و راپرسی خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كراوە، بەڵام پەسەندكردنی هەموارەكە دەچێتە دوای پشووی پەرلەمانەوە، چونكە تەنیا سبەینێ پەرلەمان كۆ دەبێتەوە و دواتر پشوو دەست پێ دەكات.

سەرۆكی فڕاكسیۆنی بەرەی توركمانی لە پەرلەمانی كوردستان (ئایدن مەعرووف)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، هەمواركردنەوەی ماددەی پێنج لە یاسای كۆمسیۆن و راپرسی، خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كراوە و بڕیارە لەگەڵ فڕاكسیۆنەكاندا گفتو گۆبكەن بۆ ئەوەی دوو ئەندامی هەردوو پێكهاتەی توركمان و مەسیحی لەو كۆمسیۆنەدا هەبن، بەڵام پەرلەمان تەنیا سبەی كۆبوونەوەی دەبێت، بۆیە ئەم هەفتەیە ناتواندرێت هەمواركردنەوەی یاساكە پەسەند بكرێت، چونكە هێشتا لەگەڵ فڕاكسیۆنەكاندا نەگەییشتوونەتە رێككەوتن.

(ئایدن مەعرووف) گوتیشی، پشووی پەرلەمانی كوردستان دەست پێ دەكات بۆ ماوەی دوو مانگ و، رەنگە جێبەجێكردنی داواكارییەكەیان بكەوێتە دوای پشووی پەرلەمانی كوردستانەوە.

سەرۆكی فڕاكسیۆنی بەرەی توركمانی لە پەرلەمان ڕوونیشی كردەوە، لەبەر ئەوەی خوێندنەوەی یەكەم بۆ هەمواركردنەوەی ئەو یاسایە كراوە، ئەوان بەشداری لە كۆبوونەوەی سبەینێی پەرلەمانی كوردستاندا دەكەن.
بڵند ئیبراهیم