Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پێشمەرگە داعشی لە شنگال راماڵی.. گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچەكە پێوەندیی هەرێم و عێراق بەهێزتر دەكات

هەولێر-KDP.info- بە گویرەی پێشبینیی مێدیا جیهانییەكان، سەركەوتنی ئەو دواییەی هێزی پێشمەرگە لە میحوەری شنگال دەبێتە هۆی بەهێزكردنی پێوەندیی زیاتری نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق، هەروەها مێدیاكانی جیهان نووسویانە كە پێشمەرگە لە شنگال تیرۆریستانی داعشی راماڵیوە.

ماڵپەڕێكی جیهانی نووسیویەتی كە، هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە توانایدایە بگەڕێتەوە گشت ئەو ناوچانەی كە داعش داگیری كردوون. بە گوێرەی هەواڵێكی ماڵپەڕی thenewstribune هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەتوانێت بگەڕێتەوە گشت ئەو ناوچانەی كە تیرۆریستانی داعش لە عێراق داگیری كردوون، هاوكات فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانانیش پاڵپشتی هێزی پێشمەرگەی كوردستانن لە دژی تیرۆریستانی داعش.

ماڵپەڕێكی دیكەی جیهانی بەناوی abc6onyourside باسی لە توانای بەهێزی پێشمەرگە كردووە كە توانیویانە بچنە نێو شنگالەوە. ماڵپەڕەكە لە راپۆرتێكدا رۆشنایی خستووەتە سەر ئۆپەراسیۆنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە شنگال و نووسیویەتی كە، دوای پێكدانێكی ئاگرین، هێزەكانی پێشمەرگەت توانییان بچنە نێو شنگالەوە و دوكەڵێكی زۆر ئاسمانی شنگالی گرتووە، لە هەفتەی رابردوویشەوە هێزەكانی پێشمەرگە دەستیان كردووە بە پرۆسەی ئازادكردنی شنگال.

هاوكات بە گوێرەی زانیاریی ماڵپەڕی Heraldstandard كە بایەخی بە سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان داوەو نووسیویه‌تی پێشمەرگە داعشی راماڵیوە. ماڵپەڕەكە ئاماژەیشی داوە كە، هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە نزیك شنگال تیرۆریستانی داعشیان راماڵی و دەروازەی هاوكارییەكانیان بۆ كوردانی ئێزدی كردەوە كە ماوەیەك بوو لەسەر چیای شنگال گەمارۆ درابوون.

لە ماڵپەڕی gulfnews وێڕای ئەوەی رۆشنایی خراوەتە سەر سەركەوتنی هێزەكانی پێشمەرگە لە شنگال، هاوكات ئەوەیشی خستووەتە ڕوو كە، سەركەوتنی پێشمەرگە لە شنگال پیوەندیی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق بەهێزتر دەكات. ماڵپەڕەكە نووسیویەتی، سەركەوتنی هێزی پێشمەرگە و گەڕانەوەی كورد بۆ نێو شنگال كە بە ئۆپەراسیۆنێكی گەورەی هێزی پێشمەرگە توانرا چیای شنگال ئازاد بكرێت و بەشێكی زۆری نێو شنگالیش لە تیرۆریستانی داعش پاك بكرێتەوە، ئەم سەركەوتنەی هێزی پێشمەرگە بۆ عێراق دەستكەوتێكی مەزن بوو و، هەروەها سەركەوتنی پێشمەرگە لە ئۆپەراسیۆنەكەی دژی تیرۆریستانی داعش وا دەكات پێوەندیی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدراڵ بەهێز بكات.

هەروەها ماڵپەڕەكە ئاماژەی داوە كە، گەرانەوەی كوردەكان بۆ شنگال دەبێتە لاپەڕەیەكی دیكەی بەهێزكردنی پێوەندییەكانی نێوان حكوومەتی هەرێم و عێراق، چونكە لە ئێستادا هەردوو لا دەزانن كە ململانێی نێوخۆیی لە بەرژەوەندیی هیچ لایەنێكدا نابێت، بۆیە ماڵپەڕەكە پێشبینیی كردووە پێوەندیی نێوان هەرێم و بەغدا بەو سەركەوتنەی هێزی پێشمەرگە لە شنگال، بچێتە قۆناخێكی دیكەی بەهێزەوە.
شاو كوردی