Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سه‌رۆك بارزانی: ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ی تاوانیان له‌ دژی ئێزدی و مه‌سیحییه‌كان ئه‌نجام داوه‌ به‌رپرسیارن

دهۆك-KDP.info- (سه‌رۆك بارزانی) له‌ پێشوازی شێخی هۆزی شەمەر شێخ (عەبدوڵڵا حمێدی عەجیل ئەلیاوەر) رایگه‌یاند كه‌ "ئەو عەرەبانەی بەشداری تاوانەكانی داعش بوونە و هاوكارییان كردوون و تاوانیان لە دژی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینەكانی ناوچەكە بە تایبەت ئێزدی و مەسیحییەكان ئەنجام داوە لەو تاوانانەدا بەرپرسیارن و شەریكی زوڵم و تاوانی تیرۆریستانی داعشن.

ئەمڕۆ دووشەممە 22 رێكه‌وتی ـی 12ـی 2014 لە شاری دهۆك (سه‌رۆك بارزانی) پێشوازی لە شێخی هۆزی شەمەر شێخ (عەبدوڵڵا حمێدی عەجیل ئەلیاوەر) و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارێكدا شێخی هۆزی شەمەر دەستخۆشی و پیرۆزبایی لە (سەرۆك بارزانی )كرد بۆ ئەو سەركەوتنە مەزنەی كە هێزەكانی پێشمەرگە لە بەرانبەر تیرۆریستانی داعش بەدەستیانهێناوە و هەروەها ئازادبوونی ناوچەیەكی بەرفراوانی دەڤەری شنگال و ڕەبیعە و زووممار. سوپاسی قارەمانێتیی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستانیشی كرد لە تێكشكاندن و دەرپەڕاندنی تیرۆریستانی داعش لەم ناوچانە.
لە بەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) سوپاسی شێخی هۆزی شەمەری كرد و جەختی لەسەر تەبایی و برایەتیی نێوان كورد و ئەو عەرەبانە كردەوە كە بڕوایان بە پێكەوەژیان هەیە و دەستیان لەگەڵ تیرۆریستانی داعشدا نەبووە.

(سەرۆك بارزانی) ئەوەیشی دووپات كردەوە كە" ئەو عەرەبانەی بەشداری تاوانەكانی داعش بوونە و هاوكارییان كردوون و تاوانیان لەدژی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینەكانی ناوچەكە بە تایبەت ئێزدی و مەسیحییەكان ئەنجام داوە لەو تاوانانەدا بەرپرسیارن و شەریكی زوڵم و تاوانی تیرۆریستانی داعشن.