Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

شەڕ بەردەوامە؛ چی وای نەماوە بە یەکجارەکی شنگال ئازاد بکرێ

شنگال-KDP.info-  نوێنەری کوردانی ئێزدی لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ دەڵێت: "ئێستا شەڕی پێشمەرگە و داعش لە شنگال، بەردەوامە؛ ھێزی پێشمەرگەیش لە پێشرەویدایە و، تەرمی چواردە داعشیش کەوتوونەتە دەست ھێزی پێشمەرگە.

نوێنەری کوردانی ئێزدی لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ (سەیدۆ چەتۆ)، کە ئێستا خۆی لەناو شنگالدایە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "وا بە چاوی خۆم دەبینم شەڕی پێشمەرگە و، چەکدارانی داعش بەردەوامە؛ نیوەی زیاتری شنگال ئازاد کراوە و، تەنیا ڕۆژئاوای شارۆچکەکە بە دەست داعشەوە ماوە؛ لەوێیش زیاتر قەنناس‌بەدەستەکانیان ھەنە."

(سەیدۆ چەتۆ) گوتیشی: "داعش زۆریان لێ کوژراون؛ من خۆم بە چاوی خۆم هەشت تەرمیانم لە شوێنکدا دیت و، لە جێیەکی دیکەیشدا شەش تەرمم لێ بینین، ئەوە چواردە؛ زراویان تۆقیوە."

(چەتۆ) گوتیشی: "فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانانیش ناوەناوە مۆڵگەکانی داعش دەکوتن، بەڵام وەکو پێویست نییە."

ئەوەشی خستە ڕوو کە: "ھۆکاری دواکەوتنی ئازادکردنی شنگال هەر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ڕەنگە خۆکوژیان ھەبێت؛ جگە لەوەش ھێزی تازەنەفەسیان بۆ ھاتووە؛ هەڵبەت سەرەڕای ئەوەیش ھێزی پێشمەرگە لە پێشڕەویکردنەکەیدا بەردەوامە و، چی وای نەماوە بە یەکجارەکی شنگال ئازاد بکەن."

بڵند ئیبراھیم