Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئەو كەسەی دژایەتیی كوردی دەكرد كوژرا.. حكوومەتی عێراق متمانەی بە میلیشیاكان نەماوە

دیالە-KDP.info-  دوای ئەوەی هەواڵی كوژرانی ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای عێراقی نزیك لە (مالیكی) بڵاو كرایەوە، ئەندامی لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق (شاخەوان عەبدوڵڵا)، هەواڵەكەی پشتڕاست كردەوە و گوتی، ئەو كەسە كە بەردەوام دژایەتیی كوردی دەكرد، ئەمڕۆ كوژرا.

بە گوێرەی سەرچاوەكانی هەواڵ، ئەمڕۆ ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵاێ عێراقی (واسق بەتات) لە ناوچەی عوزێمی سەر بە پارێزگای دیالە كوژراوە و، ئەندامی لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق (شاخەوان عەبدوڵڵا)ـیش بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان، هەواڵەكەی پشتڕاست كردەوە.

ئەندامی لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق (شاخەوان عەبدوڵڵا) راگەیاند، دوای ئازادكردنی سەعدییە و جەلەولا و هەندێك ناوچەكانی دیالە، میلیشیا شیعەكان كۆمەڵكوژییان دژی سوننەكان ئەنجام دا و سوننەكانیش لەناوچەكەدا دەستەڵاتیان هەیە و دەتوانن ڕووبەڕوویان ببنەوە، ئەمەیش سەرەتایەكی مەترسیدارە و وای لێ دێت كە خەڵك چیتر متمانەیان بەو میلیشیا شیعانە نەمێنێت، چونكە ئەمڕۆ بۆ رزگاركردنی تەلەعفەری حكوومەتی عێراق، متمانەی بە میلیشیا شیعەكان نەكرد و سوپای عێراقی بۆ رزگاركردنی ناردووە.

(شاخەوان عەبدوڵڵا) گوتیشی، نەك تەنیا ئەو (واسق بەتات)ـە كە كوژراوە و پێشتر زۆر دژایەتیی كوردی دەكرد، لە ئێستایشدا هەندێك لە پیاوانی (نووری مالیكی) چەند رۆژێكە دەستیان كردووە بە لێدواندان دژی هەرێمی كوردستان، چونكە دەزانن سەركەوتنی (حەیدەر عەبادی) بە هۆی هەماهەنگییەتی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا، بۆیە ئەو جۆرە لێدوانانە دەدەن، بەڵام ئەوان كۆتاییان پێ هاتووە.

ئەوەیشی خستە ڕوو كە، پێویستە سەركردایەتیی كورد رێگە نەدات ئەو میلیشیا شیعانە بێنە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم، چونكە ئەمانە بە بەرنامەڕێژییەوە بۆ ناوچەكە دێن.

بەتاتی پیاوی ئایینی شیعە لە عێراق کە لەسەردەمی (نووری مالیکی)ـدا دەرکەوت، پێشنوێژی حوسێنییەی ئیمامی کازم بوو لە نەجەف، ئەمینداری حیزبووڵڵا و فەرماندەی سوپای موختار بوو لە عێراق. دەرچووی کۆلێژی یاسای زانکۆی کوفە بووە و لە تارانیش کۆلێژی سەربازی تەواو کردووە.

 

بڵند ئیبراهیم