Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆک بارزانی سەردانی مەزاری شێخ شەرەفەددینی کرد

شنگال-KDP.info-  لە چوارچێوەی سەرپەرشتیی هێزەکانی پێشمەرگە لە هەڵمەتی ڕزگارکردنی دەڤەری شنگال و چوونی بۆ سەر چیای شنگال، سەرۆکی هەرێمی کوردستان (مەسعوود بارزانی) سەردانی مەزاری شەرەفەددینی کرد لە چیای شنگال.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی گوت، لە چوارچێوەی سەردانی سەرۆک بۆ چیای شنگال کە پاش ئازادکردنی دێ، لە چنگ تیرۆریستانی داعش، ئەم دوانیوەڕۆیە، (سەرۆک بارزانی) سەردانی مەزاری شێخ شەرەفەددینی کرد.

لەوێ، لە لایەن چەند کەسایەتیێکی ئایینی ئێزدیانەوە، هەروەها فەرماندە قاسم شەشۆ و چەند کەسایەتیی دیکەی کوردانی ئێزدییەوە، بە گەرمی پێشوازیی کرا و، هەوڵ و ئامادەیی (سەرۆک بارزانی) لە بەرەکانی جەنگ و ئازادکردنی ناوچەکانیان، بە گرینگ وەسف کرا. ئامادەبووانی مەزاری شێخ شەرەفەددین، هاوکات، خۆشحاڵیی خۆیان بۆ ئەو سەرکەوتنە مەزنەی پێشمەرگەی کوردستان بە سەرپەرشتیی سەرۆک هێناویانەتە دی، دەربڕی.

پاش چوونی بۆ چیای شنگال، سەرۆكی هەرێمی كوردستان(مەسعوود بارزانی) نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە چووە سەر چیای شنگال و لەوێ پەیامێكی ئاراستەی گەلی كوردستان كرد و ڕایگەیاند "ئاواتم بوو لەسەر ئەم چیایەوە پیرۆزبایی سەركەوتن لە گەلی كورد بكەم".

(سەرۆک بازرانی) دەربارەی هەڵمەتی ئازایانەی پێشمەرگە لە ئازادکردنی ناوچەکانی کوردستان بە ڕۆژنامەنووسانی گوت، "پلانەکە پێشبینی نەدەکرا بەم خێراییە سەرکەوێ، کە پێشمەرگە وەها قارەمانانە پێشڕەوی بکا و تیرۆریستان تێک بشکێنێ."
(بارزانی) پیرۆزبایی لە كوردانی ئێزدی كرد بەبۆنەی ئازادکردنی بەشێكی زۆری ناوچەكانیان لەلایەن پێشمەرگەوە و دەستخۆشیشی لە پێشمەرگە كرد و قارەمانەتی ئەوانی وەها وەسف کرد "داستانێكی مێژووییتان تۆمار كرد، كە لەماوەی 24 سەعاتدا دوو رێگای سەرەكیی رەبیعە - شنگال و زوممار - شنگالتان ئازاد کرد".