Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

داعش ددانی بە شکەستەکەیدا نا.. ھەندێکیان دەیانەوێ خۆیان ڕادەستی پێشمەرگە بکەن

شنگال-KDP.info-  دوای هێرشە بەرفراوانەکەی ئەو چەند ڕۆژەی پێشمەرگە لە سنووری شنگال، داعش وا بەرەبەرە دەکشێتەوە؛ لە شنگالدا بوونەتە دوو دەستتەوە؛ ھەندێکیان دەیانەوێ خۆیان بدەن بە دەەستەوە، بەڵام دیارە لە ترسی ئەوانی‌تردا ناوێرن.

   فەرماندەیەکی ئێزدیی ھێزی پێشمەرگە دەڵێت: "سوپاسی (سەرۆک بارزانی) دەکەین کە ئێمەی لەو کارەساتە ڕزگار کرد و، بە ھانامانەوە ھات. ئەوەتا حکوومەتی ھەرێم هاوکاریی خەڵکی چیای شنگال دەکات."

(قاسم سمێر) فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە لە شنگال بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھێزی پێشمەرگە لەو چەند ڕۆژەدا چاک سەرکەوتووە و، ناوچەیەکی باشی دەڤەری شنگالی ئازاد کردووەتەوە؛ ئەوەندەی نەماوە شنگال خۆیشی ڕزگار بکەین."

(قاسم سمێر) گوتیشی: "لە شنگالدا چەکدارانی داعش ئێستا زۆر کەم بوونەتەوە. ورەیان ڕووخاوە و بەرگەیان نەماوە. هەر ناوچەیەک و کە ئازاد دەکرێ، حکوومەتی هەرێم هاوکاریی دەنێرێ بۆ خەڵکەکەی؛ هەر لە ئێستاوە هاوکاریی بۆ خەڵکی چیای شنگال و، مەزاری شەرفەدین بەڕێوەیە و، ھەموو جۆرە پێداویستییەکیان بۆ دابین دەکرێت؛ خوا لە (سەرۆک بارزانی) ڕازی بێت، لەو نەبێ کەس بە هانامانەوە نەهات؛ جگە لەو کەسمان نییە."

هاوکات ئەفسەری ھێزی پێشمەرگە ڕائید (ئەحمەد سوورچی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی گوت: "داعش بۆ خۆیان ڕووخاون و، خەڵکی ناوچەکەش پشتیان تێ کردوونە؛ دوێنێ ئێوارە گوندێکی عەرەبنشین ئاڵای سپییان ھەڵدا و، خۆیان ڕادەستی ھێزی پێشمەرگە کرد. داعش لە شنگال گەمارۆ دراوە؛ ھەموو ڕێگا سەرەکییەکانیان لێ گیراون و، تەنیا خۆڵەڕێگایەکیان بۆ ماوەتەوە، ئەویش بووەتە قوڕولیتە و بە چ حاڵێک پێیدا هاتوچۆ دەکەن."
ئەوەشی خستە ڕوو کە بە گوێرەی زانیارییەکان، داعش لەناو شنگالدا بوونە بە دوو بەشەوە؛ کۆمەڵێکیان دەیانەوێ خۆیان بدەن بە دەستەوە، بەڵام ئەوانی دیکە هەڕەشەیان کردووە کە هەرکەسێک خۆی ڕادەستی پێشمەرگە بکات لە پشتەوە گوللەبارانی دەکەن.

بەرپرسی ڕاگەیاندنی لقی چواردەی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ (سەعید مەموزینی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ داعش لە مووسڵدا کۆ بوونەتەوە و، لە بەینی خۆیاندا شکستەکانی ئەم‌دواییەی خۆیانیان لێک داوەتەوە، ددانیان بەو شکستەدا ناوە. تەنانەت نامەیەکیان بۆ ئەمیری داعش (ئەبوبەکر بەغدایی) ناردووە و، داوایان کردووە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم بکشێنەوە، با لەوە زیاتر زیان نەکەن."

(مەموزینی) ئەوەیشی خستە ڕوو کە ئەمڕۆ 25 تەرمی دیکەی داعشیان بردووەتەوە بۆ مووسڵ؛ بەو 25ـەوە، لە بەسترپێرێوە 252 چەکداری داعش گۆراوگۆڕ بوونە؛ بێجگە لەوە، داعش 13 چەکداری خۆیانی گوللەباران کردووە، کە سێانیان سەرکردەنە و، ئۆباڵی ئەو شکەستەیان خستووەتە ئەستۆی ئەوان.

ئەوبەرپرسەی پارتی گوتیشی: "خەڵکی مووسڵ ناڕازینە و، ھاتوونەتە سەر شەقام؛ حاڵی داعش زۆر شڕە."

بڵند ئیبراھیم