Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بەپەلە.. پێشمەرگە هێرشی بەرپا کرد.. بۆ ئازادکردنی سنوورەكانی عێراق و سووریایە

هەولێر-KDP.info-  فەرماندەیی میحوەری ڕۆژئاوای دیجلە ڕایگەیاند، هێزەکانی پێشمەرگە ئەمڕۆ شەممە، هێرشێكی بەربڵاوی بۆ پاككردنەوەی عوێنات و گوندەكانی دەورووبەری و هەروەها ڕێگای ستراتیژیی حوگنە بۆ ڕەبیعە دەست پێ‌كرد؛ هاوکات لە میحوەری ڕەبیعه هێرشێكی یەكلاكەرەوەیان دەست‌پێكردووە کە لە ڕەبیعەوە بەرەو و موشریفە و شەعلانە بۆ ئازادكردنی ڕێگای ڕەبیعه و سنونێ.
لەو ڕاگەیەنراوەدا کە دانەیەکی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستان نێردراوە، هاتووە، لە ڕێی ئەم هێرشانەوە تەواوی سنوورەكانی عێراق و سووریا لە ناوچەی ڕەبیعه و دەڤەری شنگال دەكەوێتە دەستی هێزی پێشمەرگەی كوردستان.

دەقی ڕاگەیەنراوێک لە فەرماندەیی میحوەری ڕۆژئاوای دیجلە
دوابەدوای ئۆپەڕاسیۆنی گەییشتنی هێزی پێشمەرگە بە چیای شنگال و ڕزگاركردنی چیای شنگال و، ئازادكردنی چەندین گوند و ناوچەی ستراتیژیی وەك سنونێ و دوگرێ و تربكا، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 20ـی 12ـی 2014 هێزی پێشمەرگەی كوردستان هێرشێكی بەربڵاوی بۆ پاككردنەوەی عوێنات و گوندەكانی دەورووبەری و هەروەها ڕێگای ستراتیژیی حوگنە بۆ ڕەبیعە دەست پێ‌كرد. هەر ئەمڕۆیش هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان لە میحوەری ڕەبیعه هێرشێكی یەكلاكەرەوەیان دەست‌پێكرد لە ڕەبیعەوە بەرەو و موشریفە و شەعلان بۆ ئازادكردنی ڕێگای ڕەبیعه و سنونێ. بەمشێوەیە تەواوی سنوورەكانی عێراق و سووریا لە ناوچەی ڕەبیعه و دەڤەری شنگال دەكەوێتە دەستی هێزی پێشمەرگەی كوردستان.
سەرچاوەیەكی باڵای سەربازی لە فەرماندەیی میحوەری ڕژئاوای دیجلە
20ـی 12ـی 2014