Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

تیمە پزیشکییەکەیان هاوشانی پێشمەرگە لە بەرەی شەڕدان

دهۆک-KDP.info-  بەرێوبەری گشتیی تەندروستیی پارێزگای دهۆك  (د.نزار عیسمەت) ڕایگەیاند کە، لە گشت قۆڵەکاندا، تیمە پزیشکییەکان شانبەشانی پێشمەرگە لە جەنگدا ئامادەنە و، لە چەندین قۆڵیشدا تیمەکانی خۆیانیان جێگیر کردووە.

(د.نزار عیسمەت) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "تیمەکانی تەندروستی لە یەكەم ساتەوەختی شەڕی پێشمەرگە و داعشەوە، هاوشانی پێشمەرگە خەریکی پاراستنی خاكی كوردستانن؛ حكوومەت و وەزارەتی تەندروستی ئاگاداریان کردینەوە کە بچین بۆ شەڕ و، هاوکاری هێزەکانی پێشمەرگە بین؛ بە گوێرەی سنوورە بەرفراوانەکەی ئەو شەڕە، تیمی زۆرمان ڕەوانە کردووە."
بەڕێوبەری گشتیی تەندروستیی پارێزگای دهۆك دەیشڵێت: "تیمەكانمان لە گشت قۆڵەكاندا جێگیر کردووە بۆ ئەوەی بەردەوام هاوکار بین؛ هەموو جۆرە پێداویستیەکی پزیشكییشمان دابین کردووە بۆ چارەسەركردنی برایانی پێشمەرگە و گشت نەخۆشخانەكانی تریش. لە گوندی تلموس شوێنێكی گەورەمان دامەزراندووە و 8 قەروێڵەمان تێدا داناوە، بە گشت جۆرە پێداویستییەکەوە. هەرکە پێشمەرگە قارەمانەكانمان دەچنە پێشەوە، تیمە پزیشکییەکانیش بە نەخۆشکێش (ئەمبۆڵانس)ـەوە لەگەڵیان دەڕۆن و، دەچنە بەرەوە. نزیكەی 35 ئەمبوڵانس زیاتریشمان ناردووەتە بەرەی شەڕ؛ تیمی پشتیوانیشمان لە سحێلا، زوممار، بەردیان و كەلهێ‌، بەدریك، ناوەران و دووبەرداندا جێگیر کردووە؛   لە هەر قۆڵێکیشدا پێویست بکا، تیمی زیاتری بۆ دەنێرین."
بەرێوبەری گشتیی تەندروستی پارێزگای دهۆك دەڵێت، پزیشکەکانی خۆمان ئامادەیی تەواویان هەبووە و بە سوپاسەوە 4 پزیشکی خۆبەخشیش لە هەولێرەوە هاتوون ولەگەڵ تیمەکانی ئێمەدان بۆ گشت قۆڵکان.
(د. عیسمەت) گوتیشی: "بە تەنیا لە پشکی خۆمان داودەرمان دابین دەكەین یاخود دەیكڕین؛ ئەگەر پێویستشی کردبێت داوامان لە هەولێر و سلێمانی کردووە و، لەگەڵ یەکدیدا هاوهەنگاوین؛ بەغدا تا ئیستا هیچ هاوكارییەکی نەكردووینە، تەنانەت بۆ ئاوارەكانیش داوامان كردبوو، ئەویشی بەگوێرەی پێویست نەکرد. تەنیا چەند موبایلێكی كۆنی پارێزگاكانی تریان بۆمان ناردووە! ئەویش بە تەواوەتی ناینێرن و، هەر 40% بۆ 45% دەگاتە دەستمان. تا ئیستا هیچ بەشێكی تایبەتیان نەناردووە، چەندین جار داوامان لە بەغدا كردووە كە هیچ نەبیت بەشی ئەو ئاوارانەمان بۆ بنیڕن، بەڵام بەداخەوە تا ئیستا ئەوەیشان نەكردووە."
نەشوان بەرزنجی