Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پشتیوانیی حکوومەتەکەی ڕاگەیاند.. عەبادی پیرۆزبایی سەرکەوتنی لە سەرۆک بارزانی و پێشمەرگە کرد

هەولێر-KDP.info-  بەبۆنەی سەركەوتنەكانی پێشمەرگە سەرۆكوەزیرانی عێراق پیرۆزبایی لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرد؛ هاوکات پشتگیری و پشتیوانیی حكوومەتی عێراقی بۆ هەرێمی كوردستان و هێزەكانی پێشمەرگە لە شەڕی دژی تیرۆریستان دووپات كردەوە و جەختی لە هەماهەنگی و پەیوەندیی بەردەوامی هەردوولا كردەوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 19ـی 12ـی 2014 سەرۆكوەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ(حەیدەر عەبادی) لە ڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە سەرۆكی هەرێمی كوردستان(مەسعوود بارزانی)ـیەوە كرد.
لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا سەرۆكوەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ پیرۆزبایی لە (سەرۆك بارزانی) كرد بە بۆنەی سەركەوتنەكانی ئەم دواییەی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان لە دەڤەری زوممار و شنگال و شكاندنی ئابڵۆقەی تیرۆریستانی داعش لەسەر چیای شنگال. هەروەها دەستخۆشیشی لە هێزەكانی پێشمەرگە كرد بۆ ئەو دەستكەوت و سەركەوتنانەی لەشەڕی دژی تیرۆریستانی داعش بەدەستیان هێناوە.
هەر لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا سەرۆكوەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ پشتگیری و پشتیوانیی حكوومەتی عێراقی بۆ هەرێمی كوردستان و هێزەكانی پێشمەرگە لە شەڕی دژی تیرۆریستان دووپات كردەوە و جەختی لە هەماهەنگی و پەیوەندیی بەردەوامی هەردوولا كردەوە.