Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

حوسێن یەزدانپەنا: داعش دەیەوێت لە ڕێی تەلوەردەوە بگاتە شەقامە سەرەكییەکەی كەركووك و لەوێشەوە بۆ ناوشار

هەولێر- KDP.info- جێگری سەرۆكی پارتیی ئازادیی کوردستان دەڵێت، هێزی ئەوان لە شوێنێكی ڕۆژئاوای كەركووك جێگیر كراوە كە كلیلی سەرەكییە بۆ لێدان و تێكشاندنی هێزی داعش؛ ئەوەش دەخاتە ڕوو پیلانی داعش لە ناوچەكە ئاشكرا بووە.

 

جێگری سەرۆكی پارتیی ئازادیی کوردستان و فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی ڕۆژهەڵات لە ڕۆژئاوای كەركووك(حوسێن یەزدان پەنا) لە لێدوانێكدا بۆ KDP.info گوتی: "لەو دوو مانگەدا بەردەوام پێشمەرگە لە هێرشكردندا بووە بۆ سەر داعش و، ئەو شوێنانەی لە دەست دەرهێناون و، شكستی بە داعش داوە، لەو سنوورەدا پێنج حەفتەیە شەڕ هیەڵگیرساوە؛ ئەو شوێنانەی بە لای داعشەوە گرینگ بوون، پێشمەرگە وەری‌گرتوونەتەوە؛ لە بەرزاییەكانیش خۆیان ناگرن، چونكە فڕۆكەی هاوپەیمانان دەیانکوتێت و ئێستا ئەوان پلانیان گۆڕیوە بیر لە داگیركردنی شارێكی گەورە كردووەتەوە چونكە دەزانن لە شاردا بۆردومان دەوری نامێنێت."

گوتیشی: "داعش دەیەوێت لە ڕێگای تەلوەردەوە بگەنە شەقامی سەرەكیی كەركووك و لەوێشەوە بۆ ناوشار، بە چوونە ناو كەركووك دوو ئامانج دەپێكن؛ یەكەم خۆیان لە هێرشی پێشمەرگە و بۆردومانی فڕۆكەكان دەپارێزن، یەکەودوایش نەوتەڵانیان دەکەوێتەوە دەست و چونكە ئابوری خۆیانی پێ دابین دەكەن و قەرەبووی سەرچاوە مادیەكانیان دەكەنەوە، بەتایبەتی لەو شوێنانەی گازەڵان و نەوتەڵانی لێیە."

ئەوەشی خستە ڕوو ئەوان لەسەر زنجیرە چیایەیەكدان لە دیوی باكووری ئەو چیایە دەكەوێتە پشتی خرابەڕووت و سمایلاوا، بە دیوی باشووریش دەكەوێتە گوبەیبەوە؛ ئەو زنجیرەچیایە ڕیزی پێشەوەی شەڕی داعش و پێشمەرگەیە، ئێمە بە بەهێزی لێی دامەزراوین، شكستی زۆر كەمەرشكێنمان بە داعش بردووە، ئەم شوێنە كلیلێكی ئەمینییە بۆ ئەوەی داعش نەتوانێت نزیك بێتەوە لە كەركووك؛ لەم هێڵەیشەوە ئاستەمە داعش یەك بست پێشڕەوی بكات. گوتیشی: "داعش پیلانێكیان هەیە كە هەر ڕۆژێك هەور بێت و باران ببارێت یان كەشوهەوا نالەبار بێت، ئەوە هێرش دەکەن، چونكە پێیان وایە ئەگەر فڕۆكەی جەنگی نەبێت پێشمەرگە ناتوانێت بەرگری بكات، بەڵام ئەم هەوڵەشیان سەری نەگرتووە، بۆیە ئێمە وەك پارتی ئازادی كوردستان و هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە تەنیا پشتمان بە فڕۆكەی جەنگی نەبەستووە، بەڵكو پشت بە ئیرادەی خۆمان دەبەسین بۆ ئەوەی ڕێگا نەدەین بە هیچ شێوەیەك سنووری كوردستان ببڕن."