Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پاسپۆرت دەگۆڕدرێت.. داعش هۆکارەکەیەتی

هەولێرـKDP.infoـ  بەرێوەبەری پاسپۆرتی هەولێر رایەگەیاند، لەسەر داوای رێکخراوی فڕۆکەوانیی شارستانیی جیهانی، پاسپۆرتێکی تازە لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەردەکرێت.

بەرێوەبەری پاسپۆرتی هەولێر عەمید (دیدار عومەر) بە KDP.infoـی راگەیاند، لەسەر داوای رێکخراوی فڕۆکەوانیی شارستانیی جیهانی، پاسپۆرتێکی نوێ لە ساڵی 2015دا دەردەچێت، گوتیشی: "ئەگەر ساڵی داهاتوو ئەو پاسپۆرتە تازەیە دەرنەکرێت، ئەوا بۆ گەشتی خەڵکى عێراق و هەرێمى کوردستان، کێشە دروست دەبێت."

عەمید (دیدارعومەر) ڕوونی کردەوە: "وەها بڕیار بوو ساڵی  2014 پاسپۆرتە تازەکە دەربچێت، بەڵام بە هۆی شەڕی داعش و گرفتەکانی عێراقەوە نەکرا، بەڵام  لەسەر داوای رێکخراوی فڕۆکەوانی، بڕیارە ساڵی داهاتوو ئەو پاسپۆرتە ئەلیکترۆنییە دەربچێت و لەو ماوەیەیشدا بۆ ئەو پرسە سەردانی بەغدا دەکەین، بۆ ئەنجامدانی گرێبەست لەگەڵ ئەو کۆمپانیایەی کە بڕیارە کارەکەی پێ بسپێردرێت."

لە بارەی تایبەتمەنییەکانی پاسپۆرتی تازەوە، بەرێوەبەری پاسپۆرتی هەولێر گوتی: "هەموو زانیارییەکانی بەرێوەبەرایەتیی پاسپۆرت لە نێو پاسپۆرتەکەدا دەبێت، هەر کاتێک دەستکاریی بکرێت، بە ساختە ئەژمار دەکرێت، پاسپۆرتەکە ئەلیکترۆنی دەبێت و لە فڕۆگەکانیش ئامێری تایبەتی هەیە بۆ خوێندنەوەی، هەروەها لاپەڕەی یەکەمی پاسپۆرتی ئێستا بە هۆی تەڕبوون تێک دەچێت، هەرچی نوێیەکەیە دەبێتە پلاستێک و کێشەی نابێت، هەروەها هەندێک تایبەتمەندیی تری ئەمنییشی دەبێت."

پێوەست بە گۆڕانکاریی پاسپۆرت هۆکارەکانیشییەوە، بەرێوەبەری پاسپۆرتی هەولێر پێیوایە بە هۆی شەڕی داعشەوە متمانە بە پاسەپۆرتی عێراق کەم بووەتەوە، زیاتر گوتی: "پاسەپۆرتی عێراق کێشەی لە کوالێتی نییە، بەڵکو بەهۆی شەڕی داعشەوە متمانەی کەم بووەتەوە و کەمتر ڤیزای پێ دەدرێت، ئەویش لە ترسی پەنابەران و تیرۆریستان، بەڵام ئەو پاسپۆرتانەی لە هەولێر و کوردستان دەردەچن، زیاتر متمانەیان پێ دەکرێت و کێشەیان کەمترە."

یەحیا سابیر