Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

1ـی 12، دەرگای قوتابخانەکانی دهۆک بە ڕووی قوتابیاندا دەکرێنەوە

دهۆک-KDP.info-  بەرێوبەرایەتیى گشتىی پەروەردەى دهۆک رایدەگەیەنێت، لە چەند رۆژى داهاتوودا ئاوارەکان لە گشت قوتابخانەکانى شارى دهۆک دەقوێزرێنەوە و هەفتەى داهاتوویش، خوێندن لە قوتابخانەکاندا دەست پێ دەکاتەوە.

 

بەرپرسى راگەیاندنى بەرێوبەرایەتیى گشتىی پەروەردەى دهۆک (سدیق شەرۆ) بەKDP.INFO ى ڕاگەیاند: "پاش ئەوەى هەرێمى کوردستان باوەشى خۆى بۆ برا ئاوارەکان واڵا کرد و بەشێکى زۆریش لەو برا ئاوارانە روویان لە پارێزگاى دهۆک کرد و زۆربەیان لە قوتابخانەکانى ناو شار و سنوورى پارێزگاى دهۆک نیشتەجێ کران، لە ئیستایشدا کە ژمارەیەک کەمپ بە ستانداردى جیهانى دروست کراون، لیژنەیەک لە پارێزگاى دهۆک پێک هێنراوە بۆ ئەوەى شوێنێک بۆ برا ئاوارەکان دابین بکرێت و دەوامى ئاسایى قوتابخانەکان دەست پێ بکاتەوە ".

 

(شەرۆ) گوتیشی، هەر خێزانێکى ئاوارەی ناو قوتابخانەکان ژمارەیەکیان پێدراوە کە، ژمارەى خێوەتەکانى ناو کەمپەیە بۆ ئەوەى تێیدا نیشتەجێ بن .
زیاتر گوتى، لە ناو شارى دهۆک و دەورووبەرىدا، تا ئیستا 70 قوتابخانە خێزانى ئاوارەى تێدا ماون، بە تەنیا لە قەزاى سێمێل 50 قوتابخانە و ناو شارى دهۆکیش 20 قوتابخانەن، بەڵام لە دوو رۆژى داهاتوودا بە تەواوى چۆڵ دەکرین و ئاوارەکان بۆ کەمپەکان دەگویزرێنەوە.

 

(سدیق شەرۆ) ئاماژەىشی دا، لە 1-12 ئەو قوتابخانانە دەست دەکەن بە دەوامى ئاسایى خۆیان و دەرگاکانیان بە رووى قوتابیاندا دەکرێنەوە.
ئەو گوتیشی، ئەم چەند ڕۆژەیش، وەک ماوەیەک دیاری کراوە تا شۆردن و خاوێنکردنەوەى قوتابخانان بە هاوکاریى گرووپى خۆبەخش و یوونسێف و پەروەردە بەڕێوە دەبرێ.


نەشوان بەرزنجى