Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

عەلا مەکی: لە بڕیاری دانی چەکی قورس بە پێشمەرگە، پێشوازی دەکەین

هەولیر-KDP.info-  هاوپەیمانیی نیشتیمانی بە سەرۆکایەتیی (ئەیاد عەللاوی)، پڕۆژەبڕیاری کۆنگرێسی ئەمەریکا، بە دانی چەک بە پێشمەرگە بێ گەڕانەوە بۆ حکوومەتی بەغدا بە ئەرێنی دەبینێ و پێی وایە کە، چونکە کوردستان دەرگای عێراقە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستاندا، ئەوا لە بەرژەوەندیی عێراقە.

(عەلا مەکی) لە هاوپەیمانیی نیشتیمانی و نوێنەری (ئەیاد عەللاوی) لە هەرێمی کوردستان، بە KDP.infoـی راگەیاند، "ئێمە بەو پڕۆژەبریارەی کۆنگرێسی ئەمەریکا رازین کە پێوەستە بە دانی چەک بە شێوەی راستەوخۆ بە هێزەکانی پێشمەرگە بێئەوەی بگەڕێنەوە بۆ بەغدا، هەڵبەت ئێمە لەگەل ئەوەین پشتیوانی لە پێشمەرگە بکرێ و چەکی بدرێتێ، تا بە باشی بە رەوڕووی تیرۆریستان ببێتەوە."

زیاتر گوتی "دەبوایە ئەم پڕۆژەبڕیارەی ئیدارەی ئەمەریکا زووتر کاری لەسەر بکرابایە نەک ئێستا، سەرباری ئەمەیش ئێمە لە دانی چەکی قورس بە پێشمەرگە لە لایەن ئەمەریکاوە پێشوازی دەکەین، چونکە هەرێمی کوردستان دەرگای بەرەورووبوونەوەی تیرۆرە و پشتیوانیی هەرێمی کوردستانیش بە واتای پشتیوانییە لە هەموو عێراق و بڕیاریکی دروستیشە."

(مەکی) ئاماژەیشی دا، "هەرێمی کوردستان نزیکەی دوو ملیۆن ئاوارەی عێراقی لە پارێزگای جیاکان لەخۆ گرتوون کە بەرەوڕووی هەڕەشەی تیرۆریستان بوونەتەوە، هەڵبەت لە گەیاندنی خزمەت پێیان دریخی نەکردووە و پیداویستییەکانی ژیانی بۆ دابین کردوون، هاوکات پارێزگارییان لێ دەکات و ئاساییشی پاراستوون، بڕیاری ئەمەریکایش لەسەر ئەم بنەمایەیە."

زریان زیاد-مەزیەت عەبدو