Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

عەزیز وەیسى: گەورەترین هێرشى داعش تێک شکێندرا.. زیاد لە 200 تیرۆریست کوژراون

دهۆک-KDP.info-  فەرماندەى فەرماندەییى هێزى زێرەڤانى ڕایگەیاند، گەورەترین هێرشى داعشیان بۆ سەر بەنداوى مووسڵ تێک شکاندووە و، ژمارەیەکى یەکجار زۆریش تیرۆریستانی داعشیان کوشتوون.

دەربارەی هیرشی تیرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی بۆ سەر بەنداوی مووسڵ، فەرماندەى فەرماندەییى هێزى زێرەڤانى (عەزیز وەیسى) بە KDP.info-ی ڕاگەیاند: "بە هەموو هێزیانەوە چەکدارانى داعش لە گوندەکانى دەوروبەرى مووسڵ هێرشیان کردووەتە سەر پێشمەرگە، بە جۆرێک بەشێکى زۆرى هێرشکاران کەسانى بیانى بوون، کە هێرشیان هێناوەتە سەر بەنداوى مووسڵ، بەڵام پێشمەرگە بە ئەنجامى هێرشەکەیان زانى و بە توندى بەرپەرچیان دانەوە و زەبری کوشندەیان لێ دان".

(عەزیز وەیسى) گوتیشى: "ماوەى هەفتەیەکە داعش خۆیان ئامادە کردووە تا لە تەلەعفەرەوە هێرشێکى گەورە بهێنن بۆ سەر بەنداوى مووسڵ، دیارە ئەوان پێشتر ئامادەکارییان کردووە و بە هێزێکى گەورەوە کە هەرچیی چەکیان هەبوو لەو شەڕەدا بە کاریان هێنا.. هێرشەکە لە سەعات 11-ی شەوەوە، لە مەفرەقى سەهل و زوممار جەفەوە ەبرپا کرا، بەڵام چونکە ئێمە پێشوەخت زانیاریمان هەبوو و ئامادەکارییمان کردبوو، بۆیە لە کاتى هێرشەکەدا و بە پشتیوانیی تۆپخانە و چەکى قورس، تەواوى پلانەکەمان تێک شکاندن و گەورەترین شکستیان برد."

فەرماندەییی زێرەڤانی زیاتر گوتی، "پاش بەرپەرچدانەوەی توندی پێشمەرگە، فڕۆکە جەنگییەکانیش هێرشێکى چڕیان کردە سەر بارەگاکانى داعش و زیاد لە 200 تیرۆریستیان لێ کوژراوە و، تەواوى کوژراوەکانیش بە وێنەوە گیراون، بۆیە دەتوانین بڵێین کە، گەورەترین هێرشى داعش لە ناوچەکە تێک شکێندرا."

ئاماژەیشی دا، ژمارەیەک لە چەکدارانى داعش دەستگیر کراون و هێزەکانی پێشمەرگە بێ زیان بوون.

حەکیم حیکمەت