Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

دڵشاد شەعبان: هەرێم نەوتی كەركووك هەناردە دەكات..تەنیا 150 هەزار بەرمیلی رۆژانەی لێ دەدرێتە بەغدا

هەولێر-kdp.info- جێگری سەرۆكی لیژنەی سامانە سروشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، لە نەوتی كەركووك هەرێم رۆژانە 150 هەزار بەرمیلی نەوت رادەستی بەغدا دەكات، تا پێشینەی  پارەكەیش  بە هەرێم نەگات، شاندی كوردی ناچێتە بەغدا.

جێگری سەرۆكی لیژنەی سامانە سروشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان (دڵشاد شەعبان) بە Kdp.info-ی راگەیاند، ماوەی مانگێكە نەوتی كەركووك لەڕێی بۆری نەوتی هەرێمی كوردستان دەستی كردووە بە هەناردەكرن و، لەو نەوتەیش رۆژانە 150 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا دەكرێت، چونكە لەئێستادا نەوتی هەرێم و كەركووك بووەتە یەك و، تەنیا لە كەركووك رۆژانە نزیكەی 250 هەزار بەرمیلی نەوت هەناردە دەكرێت.
(دڵشاد شەعبان) گووتیشی، "بەغدا دوو پێشینەی پارە بەبڕی 500 ملیۆن دۆلار بۆ هەرێم رەوانە دەكات، بڕیاربوو رۆژی چوارشەممەی رابردوو پێشینەیەك رەوانەی هەرێم بكات و، رۆژی پێنج شەممەیش شاندی هەرێم بچێتە بەغدا، بەڵام پێشینەكە رەوانە نەكرا، بۆیە شاندەكەیش  نەچووە بەغدا. تا پێشوەختە پێشنیەكەیش رەوانە نەكرێت، شاندی هەرێم سەردانی بەغدا ناكات.

جێگری سەرۆكی لیژنەی سامانە سروشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان، ئاماژیەدا كە، لەناردنی ئەو پێشینەیە بەغدا فێڵ دەكات، چونكە بانكی ناوەندی دۆلاری نییە و پارە رەوانە دەكات و، ئەوان بۆ هەر دۆلارێك هەزار و 66 دینار هەژمار دەكەن، لەكاتێكدا لە بازار دۆلارێك هەزار و 200 دینارە، بەمەیش هەرێم لە هەردوو پێشینەكە، 34 ملیار دینار، زەرەر دەكات.
راشیگەیاند، لەئێستادا بانكی ناوەندی عێراق، ئەو پارەیەی رەوانەی لقی بانكی هەولێر لەبەغدا كردووە، تەنیا ماوە بۆ هەرێم رەوانە بكرێت، بۆیە هەركاتێك رەوانە كرا، شاندی هەرێم سەردانی بەغدا دەكات.
ئاماژەشیدا، پێویستە هەرێم پشت بەبەغدا نەبەستێت، ئەگەر رێككەوتنیش بكرێت هەوڵ بۆ سەربەخۆیی ئابووری هەرێم بدرێت، چونكە بەگوێرەی ئەو توێژینەوانەی كراوە بەهۆی گەندەڵی و ئەو پارەی لەبواری سەربازی خەرج دەكرێت، تا 2017 بەغدا تووشی قەیرانی دارایی دەبێت و، تەنانەت ناتوانێ مووچەی فەرمانبەرانیش بدات، بۆیە پێویستە بۆ ئەو ئەگەرانە خۆمان ئامادە بكەین و، هەوڵ بۆ سەربەخۆیی ئابووری بدەین.
بڵند ئیبراهیم