Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆك بارزانی رۆژانە پێوەندی بە پێشمەرگەكان لە كۆبانی دەكات و رەوشی شارەكەیش دەپرسێت

كوبانی-kdp.info -فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە كۆبانی  لیوا (عەبدولقەهار مەجید) دەڵێت، (سەرۆك بارزانی)، رۆژانە پێوەندیمان پێوەدەكات و، لە هەواڵی پێشمەرگەكان و رەوشی كۆبانی دەپرسێت. هاوكات دەشڵێت، نیوەی كۆبانی ئازادكراوە و، ئەگەر بڕیار لەدەستی ئێمەبێت، ئەوا لە ماوەی 3 رۆژدا كۆبانی، ئازاد دەكەن.

فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە كۆبانی  لیوا (عەبدولقەهار مەجید) بە kdp.info-ی راگەیاند، (سەرۆك بارزانی) رۆژانە بە رێگەی پێوەندی تەلەفۆنییەوە هەواڵی ئێمەو رەوشی كۆبانی دەپرسێت و، ئەگەر رۆژێك (سەرۆك) تەلەفۆن نەكات، ئەوا لە رێگەی نووسینگەی (سەرۆك بارزانی)  تەلەفۆنمان بۆ دەكرێت و، هەواڵی ئێمەو، رەوشی كۆبانییمان لێ دەپرسن.

پێوەست بە بارودۆخی جەنگ لە كۆبانی، (عەبدولقەهار مەجید)، ئاشكرایكرد كە، لەماوەی دوو رۆژی رابردوودا چوار شوێنیان لەنێوان رۆژهەڵات و باشووری كۆبانی بە هاوكاری فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان، كۆنتڕۆڵ كردووە و، زیانی گیانیان بە تیرۆریستانی داعش گەیاندووە و، 35 تەرمی تیرۆریستانیش كەوتووەتە دەست هێزی پێشمەرگە و شەڕڤانان.
لیوا (عەبدولقەهار مەجید)، دەشڵێت، دوێنێ لەلایەن تیرۆریستانی داعش هێرشێكی بەرفراوانیان كراوەتە لەو 4 شوێنەی كە، پێشمەرگەو شەڕڤانان لەنێوان رۆژهەڵات و باشووری كۆبانی ئازادیان كردووە، بەڵام هێزی پێشمەرگەو شەڕڤانان بەتوندی روبەڕوویان بوونەوە و، هێرشەكەیان تێكشاند و، پارێزگاریان لە پاراستنی شوێنەكان كرد.
گوتیشی، لەكاتی چوونی هێزی پێشمەرگە بۆ كۆبانی، ئەو شارە وێران بوو، داعش زۆرینەی شوێنەكانی گرتبوو، بەڵام لە ئێستادا 50%-ی كۆبانی بەدەست ئێمەوەیە، لە پێشرەوی بەردەوامداین و، نزیكەی 100خێزانیش گەڕاونەتەوە و هاتووچۆی ئۆتۆمبێلیش، هەیە.
(مەجید)، ئاماژەیدا كە، ورەی تیرۆریستانی داعش رووخاوە، تەنیا تیرۆریستانی بیانی هەریەك لە وڵاتەكانی (ئەڵمانیا، فەرەنسا، هیندستان و بەنگلادیش)، لەریزی داعش ماوون، خەڵكی عەرەبیان لە پاڵ كەمبووە، بەڵام بیانییەكان بۆ خۆكوژی هاتوون، تا نەكوژرێن بۆ وڵاتەكانیان ناگەڕێنەوە.
هەروەها گوتیشی، هێزی پێشمەرگە ورەیەكی بەرزی هەیە، خواردن و چەكی زۆر باشە، تا ئێستا 14 بریندارمان هەن و، هەندێكیان لە توركیا چارەسەریان بۆ كراوە و، لەئێستادا تەنیا یەكێك لە بریندارەكان لە نەخۆشخانە ماوە، ئەوانەی دیكە بۆ بەرەكانی جەنگ گەڕوانەتەوە.
(مەجید)، دەڵێت ئەگەر بڕیار بەدەستی پێشمەرگە بێت لە كۆبانی بە ماوەی 3 رۆژ تەواوی كۆبانی ئازاد دەكەین، بەڵام بڕیار لەدەستی شەڕڤانانە.

بڵند ئیبراهیم