Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

رێككەوتن كراوە جەلەولا لە دەست هێزی پێشمەرگەدا بێت.. جیا لە میلیشیا شیعەكان هێزی تریش بینراون

جەلەولا-KDP.info- جێگری لیوای پێنجی هێزی پێشمەرگە دەڵێت، لە شەڕی رزگاركردنی سەعدیەدا پاسدار، حیزبوڵڵا و میلشیا شیعەكان بەشدار بوون و رێككەوتنێكیش كراوە كە سەعدیە لە دەست ئەواندا بێت و جەلەولایش لە دەست هێزی پێشمەرگەدا بێت. پێشبینیی ئەوەیشی كرد لە داهاتوودا ئەو میلیشیا شیعانە لە ناوچەكەدا كێشە بۆ كورد دروست بكەن، چونكە وەك خۆی دەڵێت، رەفتارەكانیان جێی قبووڵكردن نین.

 

جێگری لیوای پێنجی هێزی پێشمەرگە لە جەلەولا عەمید (عوسمان رەمەزان)، بۆ kdp.info-ی ڕشاکاوانە گوتی، "دوای بەرنامەڕێژییەكی تەواو، توانیمان هێرش بكەینە سەر جەلەولا و لە دەست تیرۆریستانی داعش رزگاری بكەین، بەڵام لە رزگاركردنی سەعدیەدا هێزی پێشمەرگە، سوپای پاسداران، حیزبوڵڵای لوبنانی و میلیشیا شیعەكان بەشدار بوون".

 

جێگری لیوای پێنجی هێزی پێشمەرگە لە جەلەولا ڕوونیشی كردەوە، "لە ئێستادا میلیشیا شیعەكان لە سەعدیە و جەلەولا هەن و دەگوترێ كە لە سەعدیە تاڵانییش دەكەن، لە جەلەولایش من خۆم هێزێكی كوردیم بینی تاڵانیان دەكرد."

نموونەی ئەوەیشی هێنایەوە كە خۆی ئۆتۆمبیلێكی بینیوە پاسەوانی بەرپرسێك ئۆتۆمبێلێكیان پێ بووە و چوار سەلاجە و دوو سپلێتی تێدا بوون و بردوویانن.


عەمید (عوسمان) راشیگەیاند، لە ئێستادا رێگە نادەن هیچ خێزانێك بگەڕێتەوە ناو جەلەولا، چونكە مینێكی زۆر دانراون و تیمە ئەندازیارییەكان لە پووچەڵكردنەوەی ئەو مینانە بەردەوامن.

زیاتر گوتی، "ڕێككەوتنێك كراوە كە سەعدیە لە دەست سوپای عێراق و میلیشیا شیعەكاندا بێت و جەلەولایش لە دەست هێزی پێشمەرگەدا بێت، بۆیە بڕوا ناكەم سەعدیە رادەستی كورد بكەنەوە".


(ڕەمەزان) ئاماژەیشی دا كە، مەترسیی ئەوە هەیە ئەو میلیشیا شیعانە لە داهاتوودا كێشە بۆ كورد دروست بكەن، چونكە رەفتارەكانیان جێی قبووڵكردن نین.

بڵند ئیبراهیم